شاندێکی وەزارەتی تەندروستی دەچێتە بەغدا بۆ بابەتی دەرمانی شێرپەنجە
شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هێنان و پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمانی شێرپەنجە سەردانی شاری بەغدا دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم دەبێت و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ دکتۆر عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە، کۆبوونەوەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی ماف و شایستە تەندروستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی زیاتر و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشە تەندروستییانە دەکرێتەوە کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.