کوێخایەتی لە گوندێکی کوردستان نامێنێت

لە پێشهاتێکی کلتووری و کۆمەڵایەتیی جیاوازدا، خەڵکی گوندی “گریانە”ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، کۆتاییان بە سیستمی کلاسیکیی کوێخایەتی هێنا و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسیی هاوشێوەی هەڵبژاردنە گەورەکان، ئەنجوومەن و دوو جێگری نوێیان بۆ گوندەکەیان هەڵبژارد.

پرۆسەی دەنگدانەکە لە شەوی 16-05-2026، لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا لە مزگەوتی ڕەییان لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تێیدا ڕیشسپی، کەسایەتی و دانیشتووانی گوندەکە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شارستانی نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن.

مەرجەکانی دەنگدان و خۆپاڵاوتن

غەریب ئەحمەد، یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەم هەڵبژاردنە، سەبارەت بە وردەکاریی و یاساکانی پرۆسەکە ڕایگەیاند: تۆماری تایبەتمان بۆ دەنگدان ئامادە کردبوو و زیاتر لە 200 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. مەرجی سەرەکی ئەوە بوو کە دەنگدەر یان پاڵێوراو پێویستە سەرۆک خێزان بێت و پێناسی (گریانەیی) بێت. لەم پڕۆسەیەدا هیچ سنووردارکردنێک بۆ تەمەن و ڕەگەز دیاری نەکرا بوو.

لەم هەڵبژاردنەدا شەش کەس خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە پاڵاوتبوو، کە پێشتر بە تەواوی ئازاد بوون لە ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ناساندنی بەرنامە و پلانەکانیان بۆ خزمەتکردنی گوندەکە.

لە کوێخایەتییەوە بۆ ئەنجوومەنێکی شارستانی

ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی گوندی گریانەدا پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. پێشتر کارووباری گوندەکە تەنیا لەلایەن کوێخاوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئێستا گوندەکە بەرەو سیستمی ئەنجوومەنی هاوچەرخ هەنگاو دەنێت.

دانیشتووانی گوندەکە هیوایەکی زۆریان بەم گۆڕانکارییە هەیە. یەکێک لە دەنگدەرانی گوندەکە دەڵێت: ئەو کەسەی متمانەی پێدەدەین، پێویستە مرۆڤێکی بێلایەن بێت و خزمخزمێنە نەکات؛ نەڵێت ئەمە خاڵۆزامە یان پوورزامە. ئەگەر کێشەیەک یان کارێک هەبێت، دەبێت بەرژەوەندیی گشتی بخاتە پێش کەسوکاری خۆی و هەموو خەڵکی گوندەکە وەک یەک سەیر بکات.

گوندی گریانە لەکوێیە؟

گوندی گریانە، یەکێکە لە گوندە دیارەکانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی 22  کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە. ئەم ئەزموونە بچووک و پڕ بەهایەی گوندەکە، وەک نموونەیەکی دەگمەنی هۆشیاریی دیموکراسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.

ھەواڵی زیاتر