ڕووسیا: ئۆکرانیا بە زیاتر لە 550 درۆن هێرشیکردە سەرمان

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە شەوێکدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە، بەهۆیەوە لە مۆسکۆ سێ کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی 556 درۆن لە ئاسمانی زیاتر لە 12 هەرێمی جیاوازدا بخاتە خوارەوە، هەرێمی مۆسکۆی پایتەخت یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو هێرشە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە توندە ڕێک دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژە و پڕۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دێت. هەروەها ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دابوو؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە توندەکەی سوپای ڕووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ کە ببووە هۆی کوژرانی 24 کەس.

ئۆکرانیا زیاتر لە چوار ساڵە ڕووبەڕووی بۆردومانی بەردەوام و ڕۆژانەی سوپای ڕووسیا بووەتەوە، لەم دواییانەدا ستراتیژی جەنگەکەی گۆڕیوە و هێرشەکانی بۆ ناو قووڵایی خاکی ڕووسیا چڕتر کردووەتەوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا جەخت دەکەنەوە لەم هێرشانەدا تەنیا دامەزراوە سەربازییەکان و کەرتی وزەی ڕووسیا دەکەنە ئامانج، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی مۆسکۆ.

ھەواڵی زیاتر