سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کەمبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی پێشتر کێڵگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنییان پەکخستبوو، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. نرخی غازی ماڵان نەگەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ و هاووڵاتییان هێشتا بەدەست کەمیی دابینکردنی غازەوە دەناڵێنن.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو بڕە غازەی ئێستا دەگاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، زۆر کەمترە لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و کەرتی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی دیار لە بازاڕدا.
دۆخی دابەشبوون و نرخەکان لە شارەکانی هەرێم:
هەولێر: لەکاتێکدا شارەکە ڕۆژانە پێویستی بە 16 تانکەر غاز هەیە، تەنیا 12 تانکەری بۆ دابین دەکرێت. ئەم کورتهێنانە وایکردووە نرخی یەک بوتڵ غازی بازرگانی لە نێوان 22 بۆ 25 هەزار دیناردا بێت.
دهۆک: پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 8 تانکەر غاز بۆ پارێزگاکە دابین دەکرا، بەڵام ئێستا تەنیا شەش تانکەر و نیو دەگات، ئەمەش نرخی یەک بوتڵ غازی پڕی لە بازاڕەکانی دهۆکدا گەیاندووەتە 20 بۆ 23 هەزار دینار.
سلێمانی: دۆخەکە لەم پارێزگایەش جیاواز نییە و ڕۆژانە تەنها شەش تانکەر غاز دابین دەکرێت، بەو هۆیەوە نرخی یەک بوتڵ غاز لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار دیناردا دەفرۆشرێت.
پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزی و هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر کێڵگە غازییەکان، نرخی یەک بوتڵ غاز لە بازاڕەکانی هەرێم تەنیا 8 بۆ 10 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی ئازاددا زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
سالار محەممەد، لێپسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، دابەشکردنی غاز بە کۆبۆنی دووەم و سێیەم بەردەوامە. پڕۆسەکە بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت و دوای ئەوەی ڕێژەی دابەشکردنەکە دەگاتە 85٪، دەست بە دابەشکردنی کۆبۆنی چوارەمی غاز دەکرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەو غازەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانەوە بە شێوازی کۆبۆن دابەش دەکرێت، تەنیا بە هەشت هەزار و 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، کە ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ نرخی بازاڕی ئازاددا هەیە.