ترەمپ؛ ئەگەر پێویست بکات هەموو چەکە پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنین دژی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند؛ پشتگیری لە هەڵگیرسانی جەنگی دژی تاران ناکات، بەڵام نابێت رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ؛ “من پشتگیری لە شەڕی ئێران ناکەم، حەزم لێی نییە و حەزم بە هیچ چەشنە جەنگێک نییە.” ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران چیتر خاوەنی کەشتیگەلی دەریایی، مووشەک و تەنانەت سەرکردەش نییە.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەشتییەکانی ئێران : “سوپای ئەمریکا تەقاندنەوەی کەشتییەکان بە باشتر دەزانێت وەک لە رزگارکردنیان.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کارەکان لەگەڵ ئێران زۆر باش دەڕۆن و تاران لە دانوستانەکاندا نەرمتر بووە.

لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ کەناڵی “فۆکس نیوز”، سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی لە نێوان “واژۆکردنی رێککەوتن بە نیازپاکی یان دەستپێکردنەوەی جەنگ” سەرپشک کرد و هۆشداری دا ئەگەر ئێران لە گەرووی هورمز هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا، ئەوا لەناو دەبرێت” 

جەختیشی کردەوە، کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوامە و ئەگەر پێویست بکات، هەموو چەکە پێشکەوتووەکانیان بەکاردەهێنن.

دوێنێ ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ”ەوە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی “پڕۆژەی ئازادی” راگەیاند؛ بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو کەشتیانەی لەو رێڕەوە ئاوییەدا گیریان خواردووە بۆ ئەوەی بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر چۆنیەتی ئەرکەکە نەخستەڕوو.

ھەواڵی زیاتر