هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور (بازاڕگە) ڕێگری لە بردنی کەلوپەل، خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان بۆ ناو قەزاکە دەکەن، ئەمەش بازاڕەکانی شارەکەی تووشی گرفت کردووە.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور باس لە بابەتێک دەکات کە بووەتە بارگرانی و تێکدانی بازاڕەکانی مەخموور و دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور رێگری لە کاسبکاران دەکەن و ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە سەوزە، میوە و کەلوپەلی خۆراکی تێدابێت، بچێتە ناو مەخموورەوە.
قایمقامی مەخموور دەشڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم رێگرییانە دەکرێن و پێشتر چەندین جار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئیداری و ئەمنییەکانی مووسڵ کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت، “هەر کاتێک تیمی پاسەوانی و سەربازی لە بازگەکە دەگۆڕدرێن، جارێکی دیکە هەمان سیاسەتی ڕێگری لە کاسبکاران دەگرنە بەر.”
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، “دەزانین ناحەقی بەرامبەر کاسبکاران و خەڵکی مەخموور دەکرێت، داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو هەر زوو کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدەین، بەو هیوایەی چیتر ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە.”