بیارە تاکە کاندیدی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ بەدەستهێنانی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، هەموو مەرجەکانی کاندیدبوون لە بیارەدا هەبوون.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، باس لەوە دەکات: لەگەڵ وەفدێکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق سەردانی مەیدانییان بۆ بیارە کرد و سەرجەم ئەو مەرجانەی تێدایە کە ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی (UNWTO) دیاری کردوون، لەوانە: ژمارەی دانیشتووان، پاراستنی کلتوور، زمان، و سروشتی ناوچەکە.
چیا قاسم دەشڵێت: بە گرنگی کار لەسەر ئەوەدەکەین کە بیارە ببێتە باشترین گوندی گەشتیاری جیهان و چەندین خاڵ هەبوون بۆ کاندیدبوونی بیارە، وەک: بوونی دارە بەتەمەنەکان هەندێکیان زیاتر لە 200 ساڵ تەمەنیانە و سیستەمێکی ئاودێریی دەگمەن.
تائێستا 320 گوند لە جیهاندا چوونەتە ناو ئەم تۆڕە، بیارە تاکە کاندیدە لەسەر ئاستی عێراق و یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان بۆ پێشخستنی ناوچەکە، بەدەستهێنانی ئەم نازناوە تەنیا بۆ لایەنی مەعنەوی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ناوچەکە، نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری و بنکە تەندروستییەکان، و ناساندنی بیارە وەک شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی.