ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، دیدارەکە بە ئامادەبوونی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتی بوو لە خستنەڕووی دۆخی ئێستای عێراق و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هاوکات جەختکردنەوە لەسەر پێویستی یەکدەنگی لە دیدگا و هەڵوێستە سیاسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر کارکردن بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی کارا کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەبێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە ئامانجی ئەم هەوڵانە چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەپێدانە، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی تەواوی پێکهاتە و ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بێت.