داهاتی نانەوتی ڕەوانەی عێراق دەکرێت

چاوەڕوان دەکرێت دوای ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و لە یەک دوو رۆژیشدا مووچە دابەش بکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتی کۆکراوەتەوە و رەنگە سبەی یەکشەممە یان دووشەممە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق

لەگەڵ گەیشتنی داهاتە نانەوتییەکان، عێراق پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆراندا دەکات و پرۆسەکە بە یەک رۆژ تەواو دەبێت. دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەکەش، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە واژۆ دەکات.

 بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پارەکە خەرج دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە لە هەفتەی رابردوودا نووسراوی وەزارەتی نەوت لەبارەی وەرگرتنی نەوت ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەیە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لیستی مووچە رادەگەیەندرێت.

بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی چوار نزیکەی 80 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدایە لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە.

ھەواڵی زیاتر