هێڵە بەدیلەکانی سعوودیە و ئیمارات؛ ستراتیژییەکی نوێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی هورمز
لە کاتێکدا گەرووی هورمز بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی نێوان بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە داخراوە، جیهان چاوی لەسەر دوو هێڵی بۆریی ستراتیژییە لە سعودیە و ئیمارات، کە بوونەتە تاکە ڕێگەی دەربازبوونی نەوتی ناوچەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەبێ تێپەڕین بەو گەرووەدا.
هێڵی پێترۆلاینی سعوودیە؛ شاخوێنبەری نوێی دەریای سوور
کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە کار دەکات بۆ ئەوەی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بوونیاد بنێت، کە بە “پێترۆلاین” ناسراوە. ئەم هێڵە درێژییەکەی 750 میلە، نەوتی خاو لە ناوچەی ئەبقەیقەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا توانای گواستنەوەی ئەم بۆرییە بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمە دەبێتە گەورەترین جێگرەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو نەوتەی کە بەهۆی داخستنی هورمزەوە پەکیکەوتووە.
هێڵی ADCOP دەوازەی ئیمارات بەرەو ئۆقیانووس
لە ئیمارات، بۆریی نەوتی خاوی ئەبوزەبی (ADCOP) ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەم هێڵە بە درێژایی 248 میل لە کێڵگەکانی حەبشانەوە دەستپێدەکات و نەوتەکە دەگەیەنێتە بەندەری فوجەیرە لە دەرەوەی گەرووی هورمز. لە ئێستادا ئیمارات لە توانایدا هەیە ڕۆژانە تاوەکو 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە بکات، بەپێی خەمڵاندنەکانی شرۆڤەکارانی کۆمپانیای “کپلەر”، لە ئێستادا بە ڕێژەی 71%ی تواناکەی بەکاردەهێنرێت و دەتوانرێت بڕی هەناردەکردنی لێوە زیاد بکرێت.
ئاستەنگ و مەترسییەکان چین؟
سەرەڕای هەبوونی ئەم هێڵانە، شارەزایانی وزە لە “ریستاد ئێنێرجی” ئاماژە بە چەند کێشەیەکی جەوهەری دەکەن:
کێشەی پاڵاوگەکان: داخستنی پاڵاوگەی گەورەی “رویس” لە ئیمارات بەهۆی ئاگرکەوتنەوە، توانای پاڵاوتنی 922 هەزار بەرمیلی هەیە، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە.
بەرهەمە پاڵاوتراوەکان: هەرچەندە نەوتی خاو دەتوانرێت بە بۆری بگوازرێتەوە، بەڵام بەرهەمە پاڵاوتراوەکانی وەک بەنزین و گازوایل هێشتا بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە تانکەرەکان دەبەستن، ئەمەش وا دەکات هەناردەکردنیان زۆر زەحمەت بێت.
ئاسایشی ژێرخان: مەترسی هێرشی سەربازی بۆ سەر خودی بۆرییەکان و وێستگەکانی کۆکردنەوەی نەوت، دڵەڕاوکێی زۆری لای کڕیارانی جیهان دروستکردووە.
هێڵەکانی “پێترۆلاین” و “ئادکۆپ” دەتوانن بەشێک لەو 20 ملیۆن بەرمیلە قەرەبوو بکەنەوە کە ڕۆژانە بە هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام ناتوانن بەتەواوی شوێنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە بگرنەوە. ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە وڵاتانی ناوچەکە ناچار بن ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە و تەنیا گرنگی بە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانیان بدەن.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ کەرتی وزە، دەکەوێتە نێوان وڵاتی ئێران (لە باکوور) و وڵاتی عومان و ئیمارات (لە باشوور). کەنداوی عەرەبی بە دەریای عومان و ئۆقیانووسی هیندییەوە دەبەستێتەوە، نزیکەی 20% بۆ 30%ی تەواوی نەوتی جیهان لەم گەرووە تێدەپەڕێت. ڕۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بڕێکی زۆر لە غازی سروشتیی شل(LNG)ی پێدا دەگوازرێتەوە.
خاڵی خنکێنەر: پانترین شوێنی تەنگەکە نزیکەی 21 میلە، بەڵام ئەو ڕێڕەوەی کە کەشتییە زەبەلاحەکان دەتوانن لێیەوە تێپەڕن زۆر تەسکترە نزیکەی 2 میل بۆ هەر ئاڕاستەیەک دەبێت، ئەمەش وا دەکات پاراستنی ئاسایشەکەی کارێکی قورس بێت.
بەهۆی ئەوەی تاکە ڕێگەی دەربازبوونی نەوتی وڵاتانی (عێراق، کوێت، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر)ە، هەمیشە وەک کارتێکی گوشار لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردێت، بەتایبەت لەنێوان ئێران و ئەمریکادا و ئیسرائیلدا.