ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی ڕێکارە کردەییەکانی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیاند. بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ، بڕیارە ئاستی هەناردەکردن بگاتە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

وردەکاریی ڕێککەوتنە

د. ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە  11-03-2026 ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە تەنیا داواکاری نییە، بەڵکو ڕێککەوتنێکی فەرمییە بۆ گواستنەوەی نەوت بەرەو بەندەری جیهانی تورکی. ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێر پێکهێنراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی مەیدانیی بۆرییەکان دەکەن بۆ پشکنینی لایەنی تەکنیکی و لۆجستی. 

گوتەبێژەکە گوتیشی: پێشتر ڕۆژانە  230 هەزار بەرمیل ڕەوانەی کۆگاکانی هەرێم دەکرا، بەڵام ئێستا هێڵەکە بە ئەوپەڕی توانای خۆی کە 600 هەزار بەرمیلە کارا دەکرێتەوە و ئەگەری زیادکردنیشی هەیە.”

هەناردەی دەرەکی و پێداویستی ناوخۆ

وەزارەتی نەوت ئامادەیی نیشانداوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و گازی LPG بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی شایستە داراییەکان بەپێی ڕێککەوتن هەژمار بکرێن. هەروەها پلانێک هەیە بۆ:

هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا.

کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی عێراق-سعودیە کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە پەکیکەوتووە.

بەردەوامیی گواستنەوەی نەوت بە 20 هەزار تانکەر بۆ وڵاتانی دراوسێ.

پاشخانی بڕیارەکە و مەرجەکانی هەولێر

ئەم بڕیارەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، گەرووی هورمز داخراوە و هەناردەی نەوتی باشووری عێراق پەکیکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ  1.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”ی ڕاگەیاندووە، بەکارهێنانی بۆرییەکە مەرجدار دەبێت. ئەو بەرپرسە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت بەغدا بە خێرایی بڕی پێویستی دۆلار بۆ هەرێم دابین بکات و گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فەراهەم بکات، بەبێ ئەمانە دڵۆپە نەوتێک بە بۆرییەکەدا تێپەڕ نابێت.

ھەواڵی زیاتر