کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی بە 312 دەنگ بردنەوەی دۆناڵد ترەمپی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 پەسند کرد. دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەچنە کۆشکی سپی.
رۆژی دووشەممە 06-01-2025 کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەنگی لەسەر پەسندکردنی بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا.
ترەمپ 270 دەنگی پێویست بوو بۆ ئەوەی بردنەوەکەی پەسند بکرێت، 312 دەنگی هێنا و پەسند کرا. پرۆسەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە و هیچ ناڕەزایەتییەک بەڕێوەچوو.
بڕیارە رۆژی 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، سوێندی دەستوور بخۆن و بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بچنە کۆشکی سپی.
هەرچەندە کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و رکابەری ترەمپ دۆڕا، بەڵام لە دەنگدانەکەی کۆنگرێس 226 دەنگی هێنا.
لەکاتی راگەیاندنی پەسندکردنەکە، کامالا هاریس گوتی: “دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا، 312 دەنگی بەدەستهێنا. کامالا هاریس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا 226 دەنگی بەدەستهێنا.”
ترەمپ دەبێتە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا و لە دوای بردنەوەکەی 2016، ئەمە دووەم جارە بچێتە کۆشکی سپی.
لە هەڵبژاردنی 2020 کە ترەمپ و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رکابەر بوون. بایدن لە ترەمپی بردەوە و لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەسندکردنی بردنەوەی بایدن لە 06-01-2021، ژمارەیەک لایەنگری ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس. لەوکاتەوە ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە ویستوویەتی ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاری بکات.
سەرەڕای تۆمەتەکان، ترەمپی 78 ساڵ توانی بە جیاوازییەکی زۆر هەڵبژاردنی ئەمریکای 2024 بباتەوە. نزیکەی 900 کەس لەوانەی هێرشەکەیان کردە سەر کۆنگرێس لە لایەن دادگەوە سزادراون و ئێستا بەندن. ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە لێبووردنیان بۆ دەربکات و بە “بارمتە” وەسفی کردوون.
پێچەوانەی ئەوان، لە پرۆسەکەی ئەم جارە هیچ دیموکراتێک ناڕەزایەتی دەرنەبڕی و بێکێشە بەڕێوەچوو.