لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-01-2023ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا چەند بڕگەیەک تاوتوێ دەکرێن. وەکو لە راگەیێندراوێکی حکومەتدا هاتووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە رۆژی 11ـی ئەم مانگە ئەنجامی دا.
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
هەر لە بەغدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە جیا کۆبووەوە.
رۆژی، 12-01-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و لەسەر داوای ئەو، حکومەتی عێراق بڕیاری دا 50 ملیۆن لیتر نەوتی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات و نرخی هەر لیترێکیش لە 750 دینارەوە بۆ 500 دینار کەمکرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، “وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش راپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان” دەخاتەڕوو.
لە کۆتا بڕگەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیراندا، راپۆرتێک لەبارەی “بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان”ـەوە پێشکێش دەکرێت.
بڕیارە پاش کەمێکی دیکە ، پەیامێکی گرنگ لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەێمی کوردستان بڵاوبکرێتەوە.