داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەدا 55 زیادی کردووە

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی ئەو پلانەی دایاننابوو، وەزارەتەکەیان توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا 55%ـی داهاتی وەزارەتەکەیان زیاد بکەن و بەشێکی ئەو داهاتەش بۆ خزمەتگوزاری شارەوانییەکان خەرج دەکرێتەوە.

ساسان عەونی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندووە: لەسەر راسپاردە و رێنماییە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی، لەبەر رۆشنایی ئەو رێنماییە بەردەوامانە، ئێمە وەکو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەردەوام لە هەوڵی رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانمان بووین کە بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022ـمان دانا و ئامانجان ئەوە بوو کە بتوانین داهاتەکانمان 35% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی 2021 زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین تاوەکو 22ـی کانوونی یەکەمی 2022 کە دوارۆژی دەوامی فەرمی دامودەزگاکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، 306 ملیار و 250 ملیۆن دینار بووە کە بە بەراورد بە رێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو، توانیومانە 55% داهاتەکانمان زیاد بکەین.’

وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار گوتیشی: پلانی خۆمان ئەوەبوو کە داهاتەکە 35% بێت، بەڵام بە هەوڵ و توانای وەزارەت و هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و هەموو سەرۆکایەتییە گشتییەکان و سەرۆکایەتییە شارەوانییەکان، هەموو فەرمانگەکان و دەستەی گەشتوگوزار و هەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، توانرا رێژەی داهاتمان 55% بە بەراورد بە ساڵی 2021 زیاد بکەین.”

ساسان عەونی ئاماژەشی بەوەدا،  ئەوان بە دوو شێوە دەتوانن سود لەو داهاتە وەربگرین کە 15%ـی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شارو شارۆچکە و خزمەتگوزاری شارەوانی پێ ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە کەرتی ئاویش روونیکردەوە کە 17%ـی ئەو داهاتە دەکرێتەوە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆی لە شارو شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر