بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، داوای کردووە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت، بەڵام تائێستا وەزیری پێشمەرگە ئامادە نییە بچێتە ژێر باری ئەو داوایە.
باڵکێش زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی و لادانی هەڕەمەکی بەرپرسانی حیزبی و حکومی، ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە کودەتایەکی بەسەردا بکرێت، چونکە زۆربەی بەرپرسانی یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدارن.
بەپێی زانیاریەکان، ئێستا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە سلێمانیە و بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی ڕێگەی پێ نادرێت بگەڕێتەوە بۆ هەولێر بۆ دەوامکردن تا ئەو کاتەی کە دەست لە کار دەکێشێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزیری پێشمەرگە ئامادە نیە ئەو کارە بکات.
هەر بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری داوە چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ لە کارەکەی دوور بخاتەوە و سەرکەتی کوبە بخاتە شوێنەکەی.
ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی قووڵتر دەبنەوە، بەتایبەتی دوای تیرۆرکردنی هاوکار جاف لەلایەن وەهاب هەڵەبجەی و چەند چەکدارێکی و برینداربوون فەرماندەی دژەتیرۆر لە رووداوێکی تەم و مژاویدا، دۆخی ناوخۆی یەکێتی بەرەو خراپتر دەڕوات و بەرپرسە باڵاکان متمانەیان بە یەکتر نەماوە.