وەزیری دارایی و ئابوری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بازرگان و پیشەسازانی سنوری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی تایبەت پێکدەھێنێت
ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی ٢٠٢٢/٩/٣ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و ژماریەکی بەرچاو لە بازرگانان و پیشەسازانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە.
لەو کۆبونەوەدا، کە لە ژوری بازرگانی سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند: “بازرگان و پیشەسازان ئەو توێژەن کە پێویستە ماندوو بون و ھەوڵەکانیان بۆ بوژاندنەوەی ڕەوت و ژێرخانی ئابوری کوردستان بەڕێزەوە خەمڵاندنی بۆ بکرێت و وەک وەزارەتی داراییش ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە سەرجەم لەمپەرو گرفتەکانی بەردەم ئەو توێژە نەھڵن و بەجۆرێکیش ڕێکخستنەوە بۆ شێوازی باجی سەر بازرگانان ڕێکبخەنەوە سودی گشتی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە تێیدا جێگیربکرێت.
لایخۆشیانەوە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری باجی سلێمانی و نوێنەری بازرگانان و پیشەسازان گفتوگۆی چڕ کرا لەبارەی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی وەرگرتن و پێدانی باج لە بازرگانان، ھاوکات بازرگانان داوایان کرد ڕێنمایی و گشتاندنی نوێ لەو بارەیەوە دەربکرێت کە لەگەڵ ڕێژەی داھات و داتای ڕاستەقینەی ژمێرەی کۆتایی کۆمپانیاکان بگونجێت.
ھاوکات لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت کە وەک ھێڵی گەرمی نێوان بازرگانان و وەزارەت پێکبھێنرێت و نوێنەری ھەریەک لە ژوری بازرگانی و پیشەساز و بازرگانانی تێدابێت.
جێگەی ئاماژە پێدانە، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٨/٣١، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی و ژمارەیەک لە بازرگانانی سنوری پارێزگای سلێمانی بهمهبهستی چارهسهركردنی كێشهكان و گوێگرتن له داخوازییهكانیان کۆبوەوە.
ھاوکات بەڕێز ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگ ڕاسپێردرا بۆ بەردەوام بونی کۆبونەوەکان و ھاوکاری کردنیان.