ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 17 تیرۆریستی راگەیاند

دەقی راگەیاندراوەکەی ئاسایش:

17 تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە دەستگیکران کەدوانیان ژنن .

تیرۆریستەکان لە سەربنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ، لەچەند ھەڵمەتێکی جیادا لە سلێمانی ، چەمچەماڵ ، تەکیە ، باریکە دەستگیرکراون .

مەفرەزەی یەکەمی تیرۆریستە دەستگیراوەکان ،
کە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لەھێزی پێشمەرگەو چەند مامۆستایەکی دیاری ئاینی تیرۆر بکەن .
گروپەکە پێکھاتوون لە ( ٧ ) حەوت تیرۆریست کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کاروچالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن و دوای خۆڕێکخستنیان ، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمە ساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حزبی .

کەدوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو ، و زانیاری لەسەریان ، کەپیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئاینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە . پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەکان دەستیپێکرد

رۆژی ١٤ ی ئابی ٢٠٢٢ لەناوبازاڕی سلێمانی لەئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار ( ئاکام بەھادین ) ناسراو بە ئاکام کوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی تر کە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارەو چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن .
ئەم تیرۆریستانە دەخرێتەژێرچاودێری و لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەک و پارەکە و جێبەجێکردنی چالاکییەکەیان ھێزەکانمان جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەستگیرکردنیان لەو کاتەدا لەئەسحابەسپی ، تیرۆریستان رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوەو تەقەکردن روودەدات و ئاکام بەھادین و تۆمەتبارێکی تر دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن کە بەداخەوە بەھۆی ئەم رووداوەوە ھاووڵاتی ئەحمەد شەوکەت کە لەخێزانێکی دڵسۆزو خەباتگێڕن شەھید بوو .
پاشان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوەو تیرۆریستانی تر لەھەمان مەفرەزە لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵەمەتێکدا دەستگیرکران .

  • تیرۆریست ( محەمەد ئیبراھیم ) ناسراو بە ئەبو جولەیبیب شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
  • تیرۆریست ( رێبین سادق ) شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
  • تیرۆریست ( فریشتە حاتەم ) رەگەزی ژن شەوی ١٨ / ١٩ ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا .
  • تیرۆریست ( شیفا محەمەد ) ناسراو بەجیھاد کوردی رەگەز ژن شەوی ١٨ / ١٩ ی ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا .
  • تیرۆریست ( شادمان مەحمود ) شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
  • تیرۆریست ( رێبەر ئەحمەد ) ناسراو بە ئەبو دوگمە شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا .

مەفرەزەی دووھەم گروپی چەمچەماڵ و تەکیە . ناوی تیرۆریستان و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌ و كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌كانیان:

ھاوکات ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربەدەزگای ئاسایشی ھەرێم ، لەھەمان کاتدا جوڵەو مەرامەکانی مەفرەزەو تاقمێکی تری تیرۆریستی لە تەکیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێرچاودێری ورد کە پەیوەندیان لەگەڵ گروپەکەی سلێمانی دا ھەبوو و وەک شانەی نەنستووی داعش لەچالاکیدان . دوای بەدەستخستنی زانیاری دروست و ئاشکرابوونی پیلانەکانیان خرانە ژێرچاودێری شەوی ١٧ / ١٨ لەچەمچەماڵ لەکاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆھیجرەتکردنیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج ( ٥ ) لەئەندامەکانیان بەھاوکاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکران کەدانیشتووی تەکیەن دانیان بەتاوانەکانیاندا نا ، کە ٣ ( سێ ) جار ھەستاون بە تێکدان و شکاندنی کێلی مەرقەد و پیاوچاکانی شێخانی کانی چنار لەگوندی کانی چنار و دارئەسحابە ، و پەیکەری عەبدولرەحمان پاشای بابان – شیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووەو لەچەندین شوێن و جێگای جیاوازیش دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووەو ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵکردوەو دووجاریش ئاڵای کوردستانیان لەدەربەندی بازیان کە بەرووکاری تەکییە شێواندوەو لەھەوڵی بەدەستخستنی چەکیشدا بوون تا چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن .

کەسەرجەمیان شەوی ١٧ / ١٨ ئابی ٢٠٢٢ دەستگیرکران

  • تیرۆریست ( زێوەر زاھیر)
  • تیرۆریست ( بێستون حەکیم ) ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز
  • تیرۆریست ( ئەیوب کەمال )
  • تیرۆریست ( بڕوا عەدنان ) ناسراوە بە مەروان کوردی
  • تیرۆریست ( بەڵێن سەباح ) ناسراوە عوبەیدە کوردی
    ھەرپەیوەست بەھەمان گروپەوە لەئۆپراسیۆنێکدا لە تەکیە شەوی ٢٠ /٢١ ئابی ٢٠٢٢ تیرۆریست ( محەمەد جومعە ) دەستگیرکرا .

تێبینی / دانپێدانانی ژمارەیەک تیرۆریست .

١ – محەمەد ئیبراھیم ناسراو بە ئەبو جولەیبیب
٢ -ئاکام بەھادین ناسراو بە ئاکام کوردی
٣-بەڵێن سەباح ناسراو بە عوبەیدەی کوردی
٤-فریشتە حاتەم
٥ -بڕوا عەدنان ناسراو بە مەروان کوردی

لەبارەی شکستپێھێنانی مەرامی تیرۆریستان لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و شەوی ٢٢ / ٢٣ ئابی ٢٠٢٢ لە چەمچەماڵ و تەکیە ، ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە کەپەیوەندیی راستەوخۆیان ھەبووە بەم گروپەوە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیراکران و لەبەر ھەستیاری دۆسێ کە ، ناو زانیارییەکانیان بە شاراوەیی ھێڵرایە تا تەواوبوون لێکۆڵینەوەکان زانیاری زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرادەکەین .

……

بەناوی بەڕێوەبەرو سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی جارێکی تر پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی تێکۆشەری شەھید کاکە ( ئەحمەد شەوکەت ) دەکەین ، خۆمان بەبەشداری ماتەمیان دەزانین کە لەکاتی شکستپێھێنانی پیلانێکی گەورەی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و تیرۆرکردنی چەند مامۆستایەکی پایەبەرزی ئاینی و ژمارەیەک ئەفسەرو پێشمەرگە، شەھید بوو ، کە بەخوێنی ئاڵی کاکە ئەحمەد مەرامێکی تری تیرۆریستان لەگۆڕنرا .
ئێمە بەڵێنمان بە بنەماڵەی سەربەزی شەھید کاک ئەحمەد و روحی پاکی دا ، کەخوێنی بەفیڕۆنەڕوات و لەچەند رۆژی رابردوو بێ پشوو شەوڕۆژ لەکاردابووین تا تەواوی ئەندامانی ھەردوو گروپەتیرۆریستییەکەمان دەستگیرکرد تا رۆحی کاک ئەحمەد شادبێت .
وەک ھەمیشە بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە ھێزەکانی ئاسایش لەسەنگەری خەڵک ، سەروەری یاسا ، ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و ئارامی ھەرێمی کوردستان دەبێت ، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ژیان لەخەڵک تێکبدات .سوپاس و پێزانینی بێپایانمان دەردەبڕین بۆ ھاووڵاتیان کە ھەمیشە ھاوکار و پشتیوانی سەرخستنی ئەرکەکانمانن
پشتیوان بەخوای گەورەو بەھاوکاری ھەمووان و ھێزه ئەمنییەکان ، بەردەوامین لە پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لەیاسا .

لەگەڵ رێزدا
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

ھەواڵی زیاتر