سعودیە و ئەمه‌ریکا 18 رێککەوتن و یاداشتنامەیان لە بوارە جیاجیاکاندا واژۆکرد

لە چوارچێوەی سەردانەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ سعودیە، 18 رێککەوتن و یاداشتنامە لە نێوان ریاز و واشنتن واژۆکرا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودیە SPA، لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ سعودیە،‌ وەزارەتەکانی وزە، وەبەرهێنان، پەیوەندی و تەندروستیی هەردوو وڵات و ئەو دامەزراوانەی لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، پەیوەندی، بۆشایی ئاسمان و تەندروستیی چالاکییان هەیە، گفتوگۆ کراوە بۆ ئەنجامدانی هاریکاریی لە نێوانیاندا.

لەو رێککەوتنانەش 13یان لە نێوان وەزارەتەکانی وزە و وەبەرهێنانی سعودیە و لیژنەی شاهانەی جوبەیل و یانبو لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا دیارەکانی ئەمه‌ریکا وەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەمه‌ریکی بۆینگ، کۆمپانیای پیشەسازی بەرگریی رایسیۆن، کۆمپانیای ئامێری پزیشکی مێدترۆنیک و کۆمپانیای سۆفتوێر دیجیتاڵ دیاگنۆستۆکس واژۆکراوە.

هەروەها فەرمانگەی بۆشایی ئاسمانی سعودیە لەگەڵ ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمه‌ریکا بەرنامەی گەڕانی مانگ Artemisی واژۆکرد بۆ بەشدارییکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کە پێشبینی بەکارهێنانی هەسارەکان مانگ، مەریخ و ئەستێرە کلکدارەکان دەکات بەمەبەستی ئاشتیانە.

وەزارەتی پەیوەندی و زانیاریی سعودیە یاداشتنامەیەکی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندی و زانیاریی نیشتمانیی ئەمه‌ریکا و IBM واژۆکرد، کە ناوەندەکەی لە ئەمه‌ریکایە و لە بواری زانستی تەکنەلۆجیادا پێشەنگە.

هەروەها سعودیە و ئەمه‌ریکا لە بوارەکانی وزەی خاوێن و تەندروستیی گەل، زانست و توێژینەوەی پزیشکیدا چەند یاداشتنامەیەکیان واژۆکرد.

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوێنێ دوای سه‌ردانكه‌ی بۆ ئیسرائیل، گه‌یشته‌ سعودیه‌، سه‌ره‌تا لەگەڵ شا سەلمان شای سعودیە کۆبوونەوەی هەبووە، دواتر لەگەڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سعودیە کۆبوویەوە. بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە لوتکەی جەددە کۆببێتەوە. جیا لە وڵاتانی هاریکاری کەنداو هەریەک لە میسر و عێراق و ئوردن بەشداری لوتکەکە دەکەن.

k24

ھەواڵی زیاتر