بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
رۆژی چوارشەممە 22ـی حوزەیرانی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت:
- خستنەڕووی پوختەی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا.
- خستنەڕووی پوختەی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین.
- خستنەڕووی گرنگترین سەردێڕی ئەو چاکسازییانەی کە لەلایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم ئەنجامدراون.
- خستنەڕووی رەشنووسی نوێی بڕیاری تایبەت بە پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی کە پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تیایدا جێگیربوون لەبەر رۆشنایی ماددەی (3/چوارەم) لە یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 5ـی ساڵی 2015).