ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی حوزەیرانی 2022، سەرۆك مسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ئەکادیمست و رۆشنبیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی، بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای دەستخۆشی بۆ بەڕێز بارام وەڵەدبەگی، بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تاران و تەواوی ئەو کەسانەی لە پڕۆژەی دۆکیومێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان رۆڵیان گێڕاوە و کتێبەکانیان ئامادە کردووە، دەستخۆشیی لە زانکۆی سەلاحەدین و ئەو کەس و لایەنانە کرد کە مەراسیمی ناساندنی پڕۆژەکەیان بەڕێوەبردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ پڕۆژەکە خواست.
سەرۆک بارزانی رۆڵی رۆشنبیران و ئەکادیمیست و نووسەرانی لە ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان و گرێدانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکە بەرز نرخاند و برەودان بە کاری فەرهەنگی وەک بەشێک لە خەباتی گەلەکەمان پێناسە کرد و داوای کرد رێگە نەدەن چیتر مێژووی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و خۆیان بەپشتبەستن بەبەڵگە و زانیاریی دروست و متمانەپێکراو کار لەسەر ناساندنی مێژوو بکەن.
شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەیان بە پێگەی جەنابیان لەناو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد کە جگە لە پێگە سیاسییەکەی، وەک ئومێد و هیوای رزگاری، پێگەیەکی مەعنەویی بەرزی لەناو کورد هەیە و لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێرانیشدا جێی رێز و تەقدیرە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی میوان ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی چاپکراوی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.