بەغدا ئیدانەی هێرشەکەی کەلاری کرد

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئیدانه‌ی ئه‌و بۆردومانه‌ی كرد، كه‌ دوێنێ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ نزیك كرایه‌ سه‌ر ناحیه‌ی سنوونێ له‌ سنووری قه‌زای شنگال.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ توندترین ده‌سته‌واژه‌كانی ئیدانه‌كردن، ئیدانه‌ی بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گا حكوومییه‌كان و ماڵی هاووڵاتیان له‌ سنووری ناحیه‌ی سنوونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگالی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كات.

هه‌روه‌ها  هاتووه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌و پێشهاته‌ پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی روونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ وه‌ك په‌لامارێك بۆ به‌ئامانجگرتنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌ی ده‌بینین و پێشهاته‌كه‌ پێویستیی به‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كانگیرانه‌ هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌، رێككاری په‌یڕه‌وكراو له دژی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ده‌گرێته‌به‌ر.

ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ درۆنه‌كانی سوپای توركیا له‌ سنووری ناحیه‌ی سنوونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال بۆردومانی ئامانجێكیان كرد و له‌ ئاكامیدا، منداڵێك گیانی له‌ده‌ستدا و حه‌وت كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.

هاوكات، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (17ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان، له‌ نزیك گوندی به‌رلووتی هه‌ڵكه‌وتوو له‌ باكووری شارۆچكه‌ی كه‌لار، ئۆتۆمبێلێكی مه‌ده‌نی بۆردومان كرد و له‌ ئاكامیدا، چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و یه‌كێكی دیكه‌ بریندار بوو.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، قوربانییه‌كان خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، له‌ سنووری ناوچه‌كانی ئۆپراسیۆنی “چنگ، قفڵ” شه‌ش چه‌كداری سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) كوژراون.

ھەواڵی زیاتر