یەکێتی: بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە سنووربەزاندنەکانی تورکیا دەڕوانین

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدانه‌ی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سنووری ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری سه‌ر به‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و كه‌مپی ئاواره‌كانی مه‌خموور ده‌كات.


ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌

به‌نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه‌ له‌و پێشھاته‌ ئه‌منی و سنووربه‌زاندنه‌ ده‌ڕوانین و ئیدانه‌ی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سنووری ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری سه‌ر به‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و كه‌مپی ئاواره‌كانی مه‌خموور ده‌كه‌ین كه‌ شه‌هیدبوونی چوار هاووڵاتیی مه‌ده‌نی و هه‌شت برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

‏‎وێڕای ده‌ربڕینی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیمان بۆ كه‌سوكار و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان، ده‌ستبه‌جێ داوای راگرتنی ئه‌م ھێرشانه‌ ده‌كه‌ین و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌ركی ده‌ستووریی و نیشتمانیی خۆی له‌ پاراستنی خاك و ئاسمانی عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ رابپه‌ڕێنێت و له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانه‌وه‌ حكومه‌تی توركیا له‌م پێشێلكارییه‌ ئاگاداربكاته‌وه‌.

‏‎ھاوكات حكومه‌تی ھه‌رێمیش له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ بانگهێشتی كونسوڵی توركیا له‌ ھه‌رێم بكات و روونكردنه‌وه‌ بدرێت. چونكه‌ ھیچ بیانوویه‌ك نییه‌ به‌ھۆی سنووربه‌زاندنه‌وه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ رووی گیانیی و مادییه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبن. خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزه‌ و داواده‌كه‌ین پیرۆزییه‌كانمان بپارێزرێت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن بكرێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

‏‎مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 
٢١ی ئایاری ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر