دوایین زانیاری لەبارەی ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد: “ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و رێکاری پێویست رەوانەی ماڵەوە کرایەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە: “حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی دانیشتووی شنگال لە شاری زاخۆ بە سەرەتایی دەستنیشانکراوە و رەوانەی شاری دهۆک کراوە، بەهۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تائێستا و تا رادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە”.
وەزیری تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەشکردووە: “نەخۆشیەکی نوێ نییە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە، دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت، بەهۆی زۆری رێژەی پەککەوتن و مردن لەنێو تووشبوواندا. بۆ کۆنتڕۆڵکردن و رێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری دەست پێکردووە، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: “رێژە و ژمارەی تووشبووان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حاڵەتەکان (surveillance رصد الوبائي) لەلایەن تیمەکانی تەندروستی کە بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت و رۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان دەدۆزرێنەوە و نموونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی رادەگەیەنرێت”.

ھەواڵی زیاتر