توبا ئەلیاس، بۆ باڵكێش ژنان قوربانی بیركردنەوەی پیاوانن
توبا ئەلیاس، پسپۆڕ لە كاروباریی ژناندا لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتتدا لە گەڵ تۆڕیی میدیایی باڵكێش دەربارەیی دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان و ناوچەكەدەدوێت و باس لەوە دەكات كە ژنان توشیی چ گرفت و كێشەیەكی گەورە دەبن.
باڵكێش: گرفتی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟
تووبا ئەلیاسی: بە بڕوای من گرفتی سەرەکیی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە هێشتا وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتیی کاریگەر لە کۆمەڵگا چاوی لێناکریت. واتە ژنانی بەشیکی زۆر لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێشتا وەک کارخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ و ڕاگەیشتن بە ئەرکی ناوماڵ و بەخێو کردنی منداڵ چاویان لێدەکرێت. ئەمە لە کاتێكدایە کە ئەو ئەرکانەی ئەوان، بەتایبەت بوونی منداڵ و بەخێو کردن و پێڕاگەیشتنی لە جیهانی پێشکەوتوودا، وەک کارو بەرهەمێکی کەموێنە و دەگمەن دەنرخێندرێت و هەروەها کراون بە کاری ڕۆژانە کە موچەی مانگانەیان بۆ تەرخان کراوە و بووە بە کاری بە مووچە بۆ ژنان و تەنانەت پیاوانیش.
جیا لەوەش گرفتێکی تری ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، نەبوونی سیستەمێکی دێموکرات و ئازاد و دادپەروەرە کە تێیدا ڕێز لە مافە مرۆییەکانی ژنان بگرێت و بە گەڵاڵەوە کار بۆ جێگیر کردنی سیستمێکی یەکسانیخواز بکات و داکۆکیکاری بەرهەقی مافەکانی ژنان بێت. نەبوونی سیستەم و کۆمەڵگایەکی دێموکرات و دادپەروەر، هۆکاری پەراوێز خستنی هێز و توانای ژنانە. واتە هێزی بەڕێوەبەری و کاری ژنان لە کۆمەڵگادا وەبەرچاو ناگیردرێت و چالاک ناکرێت.
ئەمەش وایکردووە کە هێشتاش کولتوری پیاوسالاری بە سەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت. کولتوری پیاواسالارانە، واتە بیرۆکەیەک کە ژنی پێ کەمە و ژن دەبێت گوێڕایەڵی فەرمانەکانی پیاو بێت و هەمێشە لە ژێر چاوەدێریی پیاواندا بێت، ئەو ژنانەش کە گوێڕایەڵی پیاو و فەرمانەکانی نابن، ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و تەنانەت دەروونی دەبنەوە. ئەگەر گەرەکم بێت بە کورتی ئاماژە بە گرفتی ژنانی کۆمەڵگا جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بدەم دەبێت بڵێم، نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز و دێموکرات کە وەک مرۆڤ چاو لە ژنان بکات و هەموو ئەو ماف و دەرفەتانەی کە بۆ پیاو هەیە بۆ ژنیش لە بەر چاو بگرێت، سەرەکیترین قۆرخ و کێشەیە.
ئەوەشمان لە بێر نەچێت کە، کێشەو گرفتەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەموو وەکوو یەک نین و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەڵام بە گشتی ژنانی ئەم ناوچەیە، گیرۆدەی نەبوونی بێ مافین و دوور لە کۆمەڵگایەکی نایەکسان ژیان بەسەر دەبەن و ڕۆژانە بە هەزاران ژن بەرەوڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە.
باڵكێش: بۆچی بەشێکی زۆر لە میللەتانی ناوچە بە میللەتی ژن کوژ ناسراون؟
هەڵبەت دیاردەی ژن کوشتن تەنیا پێوەندی بە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە نیە. مخابن ئەمە دیاردەیەکی دزێوی جیهانیە، واتە لە هەموو کۆمەڵگایەک بە شێوەو ڕادەی جیاواز دەبینرێت و هەیە، بەڵام هۆکارەکانی ئەم کوشتنە لەگەڵ یەکتری جیاوازن، بۆ نموونە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە ئێمە تێیدا لە دایک بووین، زۆرتر بواری نامووسی لەخۆ دەگرێت. گەرچی نابێت لە بیرمان بچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوەی کە هێشتا پرۆسەی دیموکراتیزە کردنی سیستەم و یەکسانیخوازی و دادپەروەریی جڤاکی لە قۆناخی سەرەتاییی خۆی دایە، زیاتر ئەم دیاردانە بەرچاو دەکەوێ و زۆربەشمان بە هەڵە لامان وایە کە لە کۆمەڵگا بەناو پێشکەوتووەکاندا ئەم دیاردەگەلە بوونی نیە. بێجگە لەوەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵگایەکی ئایینیە و هێشتا بیرۆکەی پیاوسالاری کە کونترۆڵ کردنی ژنان بە مافی بێ ئەملاو ئەولای پیاوان دەزانێ، بە سەر ئەم کۆمەڵگایەدا زاڵە.
لە کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەدا کە هەتا ئایین و ئایینزاکەش، واتە دینی ئیسلام کە ئایینی زاڵ و زۆرینەیە، ئەو مافە بە پیاو دەدات کە کونترۆڵ و چاوەدێریی هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی ژن (هاوژین، خوشک، دایک، براژن وتەنانەت ژنگەلی تری ناو خێڵ و بنەماڵەکەشی) بکات، ئەگەر ژن لە یاساکانی ئیسلام بە ورد و گەورەوە و لە نەریتە پیاوسالاریەکانی کۆمەڵگا لایدا، پیاوان بۆیان هەیە لە پێناو ئەو شتەی کە بە هەڵە ناویان ناوە پاراستنی ناموس و کەرامەتی بنەماڵە، بیکوژن ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر پیاوێک لەم نۆرم و نەریتانە لایدا، ژن هەقی نیە ئەم یاسایەی لە هەمبەریدا جێبەجێ بکات. لە سیستەمی بەشیکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، کێشەی ژن وەکوو کێشەی هاووڵاتی چاوی لێناکرێت و ئەوە بنەماڵەیە کە قسەی یەکەم دەکات، واتە حکومەت و یاسای وڵات خۆیان لە بەرانبەر پاراستنی گیانی ژناندا بە بەرپرسیار نازانن. هەربۆیە کاتێک ژنان بەرەوڕووی کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە، ئەمە وەک کێشەی تایبەتیی بنەماڵە چاوی لێدەکرێت نەک وەکوو کێشەی هاووڵاتیەک کە پێویستی بە داکۆکیی حکومەت هەیە. زۆرێک لە دۆسیەی ئەم ژنانەی کە دەکوژرێن، لە یاساو دادگای وڵاتدا، قوربانیی گەندەڵیی یاسایی دەکرێت و دۆسیەکانیان پەردەپۆش دەکەن و بکوژ وەک بسکی بابان بۆی دەردەچێ هەرچەند شەریعەت و یاسای داڕێژراو بەپێی شەریعەتیش پشتیوانی لەم کوشتنە دەکات چون بە مافی ڕەوای نێرینەی دەزانێ، هەربۆیە کوشتنی ژنان لە ژێر بە ناو پاراستنی ناموس ژینگەیەکی ناهێمن و پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەڕا ژنان لەم کۆمەڵگایانەدا دروست کردگە.
باڵكێش: ئایا سەرکردایەتی دەکرێت بدرێتە دەست ژنان و بۆچی نابێتە مودێلی سیاسی؟
ژنان دەتوانن و دەکرێت هەموو ئەرکێکی بەڕێوەبەری و سەرکردایەتی وەئەستۆوە بگرن، ئەمە تەنیا بانگەشە نیە و ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژئاواو دادپەروەر و دێموکراتیش ئەو ڕاستەیەی سەلماندووە و ژنانیش توانیویانە لەو ئەرکەدا سەرکوتوو بن، هەرچەند لە کۆمەڵگای کوردیی بەر لە زاڵ بوونی ئایینیشدا ئەمە بە باشی سەلماوە، ژنانێک کە سەرۆک خێڵ بوون، ژنانێک کە حەیران و لاوکبێژ بوون و ژنانێکی وەکوو حەپسە خانی نەقیب، مینا خانمی قازی و لەیلا قاسم و …تاد، ئەوەیان سەلماندووە و پێویست بە سەلماندن نیە. ئەوە نزیک ١٠ ساڵە کەسی یەکەمی حکومەتی وڵاتی نۆرویژ خاتوونێکە بە ناوی “ئارنە سولبەرگ” و زۆریش لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بوە. یان ئانگێلا مێرکلی وڵاتی ئەڵمانیا کە بە بەهێزترین ژنە سیاسەتوانی جیهان ناسراوە و دەیان نموونەی تر. کەواتە دەکرێت سەرکردایەتی بدرێتە دەست ژنان. ئیتر چیتر کاتی ئەوە نیە کە پیاوان بە هەنجەتەوە ڕێگری لە هاتنە پێشی ژنان بکەن، یانیش ئەگەر ڕێگا خۆشکەری دەکەن، تەنانەت شانۆکاری نەبێت و ڕێگاکردنەوەیەکی بروامەندانە بێت.
لە پێوەندی لەتەک بەشی دووهەمی پرسیارەکەدا کە دەڵێیت بۆچی نابێتە مودێلی سیاسی دەبێ ئەوە بزانین کە “کێشەی بە مودێل کردن یان سیاسی کردنی مۆدێلێکی لەو چەشنە دەتوانێت بۆخۆی کێشە خوڵقێن بێت”، چونکوو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تا ئێستاش بە دەست مودێلێکەوە دەناڵێنن کە تەنیا پیاوی بە شیاوی سەرکردایەتی کردنی سیاسی زانیوەو ئەمەش بووەتە هۆکاری پەراوێز خستنی توانا ساسیەکانی ژنانەوە. جا ئەگەر ئێمە بێین و پێچەوانەکەی هەڵبژێرین هەمان کێشە تووشی پیاوان دەبێتەوە، واتا ئێمە جێگای بکەر و بەرکارمان گۆڕیوە و هیچمان لە کێشەکە چارەسەر نەکردووە کە مخابن زۆرێک لە چارەسەرەکانی کۆمەڵەڵگای جیهانی سێیەم یان ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕێک ئاوان بۆیەش هیچ کات نەک چارەسەر نەبوون بگرە کێشەخوڵقێن بووگن، بەڵام ئەگەر بێت و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ چالاک کردن و پەروەردە کردنی باشتری هێزی سیاسی ژنان بەکار ببەین و ژن و پیاو وەکوو یەک و بە دەرفەتی یەکسانەوە بتوانن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بەشداری بکەن، ئەوکات توانا سیاسیەکانی ژنان بەهێزتر دەبێت و دەتوانن بە توانایی و شیاوسالاریی خۆیانەوە بە پۆستی سەرکردایەتی بگەن وەک چۆن لە ئوروپا و وڵاتانی پێشکەوتوو دەبیندرێت، ئێمە لایەنگرانی مافی ژن، نەمانگەرەکە کێشەیەکی تر بخوڵقێنین بەڵکوو دەمانهەوێ کێشیەک بۆ هەمیشە بنەبڕ بکەین. مافی ژن بە واتای بێ ماف کردنی پیاو نیە و هاتنە کایەی ژن بە واتای سڕینەوەی پیاو نیە.
باڵكێش: بەردەوام لە کوردستان گوێمان لە هەواڵی ژن کوشتنە بۆچی؟
بەداخێکی گرانەوە تا ئێستاش و لەو سەردەمە گرانەی تەکنەلۆژیا و ڕۆشنبیریدا، کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس، قێزێونترین دیاردەی توندوتیژییە بە دژی ژنان کە ئێستاش لە نێو کوردانی نیشتەجێی تاراوگە و بەتایبەتی کوردانی باشوور و دواتر کوردانی باکوور ئەنجا پارچەکانی تر دەبیندرێت. خاڵی جێگای سەرسوڕمان لەوەدایە کە پیاوانی کورد، تەنیا ژنانی کورد ناکوژن (مەبەستم هەموو پیاوێکی کورد نیە و ئەو تاقمەیە کە ئەم کارە نامرۆڤانەیە دەکەن)، بەڵکو تا ئێستا چەندین ژنی ئوروپایشیان بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە کوشتووە.
ئەم کارەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دیمەنێکی ناحەزیان لە کورد لە نێو کۆمەڵگای ئوروپاییدا دروست کردووە. هۆکارەکان ناتوانن جیاوازتر بن لەو هۆکارانەی کە لە وڵامی پرسیاری پێشووتردا ئاماژەم پێدا. واتە ئەو پیاوە کوردانەی کە ژن دەکوژن، هەمان پەروەردەی کۆمەڵگای داسەپاو بەسەر کوردستانیان هەیە و وەک دەبینین ژن کوشتن ڕۆژانە لە کوردستانیش بەرگوێ دەکەون. بەشێکی زۆر لەو ژنانە، پێش ئەوەی بکوژرێن لە بەر پەروەردەی سەقەت و بڕوا بەخۆنەبوون، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، پەنا نابەنە بەر دام و دەزگای حکومەتی و یاسایی و لە ئاکامدا تووشی ئەو کارەساتە دەبنەوە و دەبن بە قوربانیەکی هەتاهەتایی. ڕەنگە لە کوردستان خەڵک وابیر بکەنەوە کە ئەو کوردانەی کە دێنە ئوروپا هەر لەگەڵ نیشتەجێ بوونیان لە ئوروپا ئیتر شێوازی بیرکردنەوەو هەڵسووکەوتیان دەگۆڕدرێ و دەبن بە کەسێکی یەکسانیخواز و دادپەروەر، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە زۆربەیان نەک لەگەڵ کۆمەڵگای ئێرە تێکەڵاو نابن و زمان فێر نابن بەڵکوو تەنانەت ڕەوشتە باشەکانی کۆمەڵگای خۆشمانیان لەبیر دەچتەوە و لەڕووی دەروونیەوە دەژاکێن.
ڕاستی ئەوەیە کە خودی ئورووپا هیچ نادا بە مرۆڤ و لیرە مرۆڤ دەبێ بەو کەسایەتیە کە لە ڕاستیدا هەیە و ئەوەی لە ناخی ڕاستەقینەی دایە جێگیری دەکات. بەشێک لە پیاوان (تەنانەت ژنانیش) تەنیا شوێن وجێگای ژیانیان دەگۆڕن و دوای دەیان ساڵ ژیان لە ئوروپاش هێشتا بە بیری پیاوسالاریەوە دەژین و ڕێز لە ژن و مافەکانی هیچ، ڕێز لە خودی مرۆڤ و خودی خۆشیان ناگرن. دیارە ئەمە تەنیا بەشێکی کەم لە پیاوانی کورد دەگرێتەوە، ئەگینا بە دڵنیاییەوە دەڵیم ئێمەی کورد وپیاوانی کورد لە زۆر پیاوی کۆمەڵگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناڤین باشترین و یەکسانیخوازترین و زووتر خۆیان لە گەڵ کۆمەڵگا و یاسای دادپەروەری وڵاتانی ئوروپایی دەگونجێنن. دیسانیش دووپاتی دەکەمەوە کە زۆرترین رێژە وەبەر پیاوانی کوردستانی باشوور کەوتووە کە تا هەنووکەش لە ژێر یاسای دزێوی ئایین و خێڵدا ماون و لایان وایە ئەگەر ژنەکەیان وەک مرۆڤ ژیا، ئەوا لە خێڵەکەیان سەرشۆڕ دەبن و مخابن هەتا ئێستاش لە ئازادی بە واتای ڕاستەقینەی تێنەگەیشتوون (دەزانم تاڵە بەڵام هەق تاڵە).
باڵكێش: یەکسانیی ڕەگەزی چییە و کەی و چۆن دەتوانین یەکسانیی ڕەگەزی جێگیر بکەین؟
ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێ، وەک چۆن کورد ئێژێ ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێ. پێشدا پێویستە تەنانەت ئەگەر بە کورتییش بێ، واتای ڕەگەز کە پێی دەڵێن جیندەر ڕوون بکرێتەوە. چەمکی ڕەگەز یان جێندەر، لە سێ دەیەی ڕابردوودا هاتۆتە نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و ئەدەبیاتی فمینیستییەوە و زۆر جەختی لە سەر دەکرێتەوە، وشەیەکی زمانی هیندوئەوروپیە کە واتای “بەرهەمهێنان” دەگەیەنێ و لە زۆر زمانی تریشدا واتای چەشن یان چین دەگەیەنێ. خاڵی سەرەتایی جێندەر ئەوەیە کە ژن و پیاو بە سەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ دا دابەش دەکات. بەدوای ئەودا ئەم دوو ڕەگەزە دەبن بە خاوەنی دوو کەسایەتی و شوناسەی جیاواز و هەرکام لە ئەم کاتیگۆریانە ( کاتیگۆری واتە چین یان دەستە) پێکهاتەی تایبەت بە ڕەگەزی خۆیان وەردەگرن. واتە لەم دابەشکاریەدا، ئەرک و تایبەتمەندیەکانی ڕەگەزەکان بە جەختکردنەوە لە سەرهەبوونی جیاوازی سایکۆلۆژی و بیولۆژی لە نێوان ڕەگەزەکان ڕەوایی پێدەدرێت .
ڕەخنەی سەرەکیی فمینیستەکان لەم پێکهاتە یان بە کاتیگۆری کردنەی ڕەگەزەکان ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە، جیاوازیەکانی نێوان نێرینە و مێینە، یان نەبوونی مافی وەکوو یەک، ناتوانێت لە بەر جیاوازیی ساکۆلۆژی یان بایۆلۆژی (دەروونی و بوونەوارزانی) ڕەگەزەکان ڕەوایی پێبدرێت و پێیان وایە کە، ئەم جیاوازیانە بەرهەمی پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و پەروەردەی کۆمەڵگایە نەک جیاوازیی بایۆلۆژی یان سایکۆلۆژی. کەواتە کۆمەڵگا پێویستی بە هەڵوەشانەوەی ئەو تێڕوانینە جیاوازانەیە کە تا ئێستا بۆ ڕەگەزەکان لەبەر چاوی گرتووە. واتە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پیویستە جارێکی دیکە لە ڕێگای داڕشتنی سیستمێکی نوێوە ستروکتورێکی یەکسان و دادپەروەر بدات بە ژیان و هەڵسوکەوتی نێر و مێ لە کۆمەڵگادا و چێتر جیاوازی ساکۆلۆژی و بایۆلۆژی نەکات بە بنەما بۆ چەسانەوەی ڕەگەزی ژن و ڕەوایی دان بەو چەوسانەوەیە لە ڕێگای جەخت کردنە سەر جیاوازیەکان کە بەرهەمی پەروەردە و سیستمێکی نادادپەروەر بوە بە درێژایی مێژوو.
هاوکات سیستمێکی دێموکرات و دادپەروەر و یەکسانیخواز دەتوانێت مسۆگەری دابین کردنی یەکسانی جێندەری بێت..
باڵكێش: دۆخی ژنانی کوردی نیشتەجێی ئامریکا و ئوروپا چۆنە؟
من لە ئوروپا دەژیم و شارەزایی باشم لە سەر دۆخی ژنانی کوردی نیشتەجێی ئامریکا نییە، بەڵام وەک ئاگادار بم لەوێ کولتورە جیاوازەکان زۆر ڕێزیان لێدەگیردرێ و هەر نەتەوەیەک بۆی هەیە گەشە بە زوان و کولتوری خۆی بدات، لە حاڵێکدا ئەم کارە لە وڵاتانی ئوروپایی کەمتر وەک ئاسایی چاوی لێدەکرێ. هەربۆیە دەکرێت بڵێین، کوردانی نیشتەجێی ئامریکاو کەنەدا کەمتر تێکەڵی کۆمەڵگای ئەوێ دەبن و ئەو کارەش وادەکات هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەیان کەمتر ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. پاشانیش وەک ئاگادار بم ژنانی کورد لە ئامریکا و کەنەدا کەمتر کاری دەرەوە دەکەن و دەکرێ لە باری ئابووریەوە سەربەخۆ نەبن و بەستراوە بە پیاوان بن، ئەمە لە جیهانی سەرمایەداریدا، جار هەیە کارەساتیشی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەش ڕوونە ژنێک کە چاوی لە دەستی پیاوەکەی بێت، یان بۆ بژیوی ژیان ناچار بە پشت بەستن بە پیاو بێت یان تەنانەت پیاو وەک کەرەستە بەکار بهێنێت، لە باری ئابووریەوە ناچارە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی پیاویش بێت (مەبەست فەرمانی ناڕەوایە). بێچگە لەوەش نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری وەک هۆکارێکی کاریگەر لە چەوسانەوەی ژنان چاوی لێدەکرێت.
لە پێوەندی لە گەڵ ژنانی کوردی نیشتەجێی وڵاتانی ئوروپایی، دەکرێ بڵێم لێرەش ناکرێت وەک یەک چاو لە هەموو وڵاتەکان یان ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان بکەین. واتە ناسیاو بوون بە مافەکانی ژنان، کار لە دەرەوەی ماڵ، خۆپێگەیاندن لە بواری خوێندن و بڕوانامە لە نێو ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان جیاوازە. بێجگە لەوەش بارودۆخی ژنانی کورد لە وڵاتێکی ئوروپاییەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەکرێت جیاواز بێت.
بۆ نموونە لە بریتانیا ژنانی کوردی نێستەجێی ئەوێ کەمترلە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن ، یان شێوازی هەڵسوکەوت و جل و بەرگ لەبەرکردن و خۆ پێگەیاندنی ژنانی کورد لەوێ لە ئاستێکی نزمتر دایە. بەڵام بۆ نموونە ژنانی کوردی نیشتەجێی وڵاتانی سکاندیناڤی، بارودۆخیان لەباری تەواوکردنی خوێندن یان کارکردن لە دەرەوەی ماڵ لە ئاستێکی بەرزتر دایە، گەرچی وەک وتم ئەمە ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان بە یەک ئاراستە و ڕادە لەخۆ ناگرێت. بۆ نموونە ژنانی باکوور و باشووری کوردستان چ لە باری کارکردن لە دەرەوەی ماڵ یان لە باری هەڵسوکەوتی پیاوانی ئەو بەشانە لە گەڵ ژنان و مافەکانی ئەوان جیاوازیان هەیە لە گەڵ ژنانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش، واتە ژنانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان سەربەستترن.
هەربۆیە بە ڕاشکاوی دەڵێم ژنانی باکوور و باشوور بارودۆخیان لە ژنانی ناوخۆ زۆر باشتر نیە (ئەگەر ئاڵۆزتر نەبێ) و بە دەست زۆر گرفت و بێ مافییەوە دەناڵینن. گەرچی ئەمە زیاتر ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرەوەی 40 ساڵە و کچانی گەنجی تازە پێگەیشتوو بڕێک (زۆریش نا) سەربەستترن.
هەرچەند تێدەگەم خەڵکی کوردستان ڕەنگە وابیر بکەنەوە کە ژنانی کوردی تاراوگەنشین توانیویانە بە هەموو مافە مرۆییەکانیان بگەن، بەڵام لە ڕاستیدا و بەداخەوە وا نیە و زۆرن ئەو ژنانەی کە لێرەش توشی توندوتیژیی پیاوانی کورد دەبنەوە، یان ڕیگریان لێدەکرێت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن، یان کونترۆڵی ژیانی تایبەتی و شێوازی جلوبەرگ پۆشینیان دەکەن.
باڵكێش: ڕۆڵی ژن لە پارتە سیاسیە کوردیەکاندا چۆن دەبینی؟
لە وتارە سیاسیەکانی کەسانی بەرپرسی پارتە سیاسیەکان وەک هەمیشە گوێمان لێ دەبێت کە، ژنی کورد هەمیشە پشت و پشتیوان و پەنای سەرەکیی پیاوانی نێو حیزبە سیاسیەکان بوەو و هەیە و ئەگەر یارمەتی و پاڵپشتیی ئەوان نەبووایە و نەبێ، ئەوا پیاوانیش نەیاندەتوانی و ناتوانن ئەو خەباتە بەرەو پێش بەرن. بێجگە لەوەش ژنی کورد و بە تایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە سەرەتای ساڵەکانی 1979ی زایینیەوە چالاکانە بەشداریی خەباتی چەکداری و مەدەنیان لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا جا چ کۆمەڵە یان حیزبی دێموکرات یان حیزبەکانی تردا کردووە. هەروەها دەوری ژنی گریلا و بەتایبەت ژنانی ڕۆژاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش و هاوکات داکۆکی کردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە تەواوی جیهاندا کەم وێنەیە، بەڵام بەداخەوە بێجگە لە ڕۆژاوای کوردستان کە من پێموایە ئەو مودێلی بەشداری کردنەی ژنان لە بەڕیوەبەریی سیاسیدا و هەروەها ئەو سیستمە کەم وێنەیە کە کانتۆنەکانی ڕۆژاوا دروستیان کرد و ژن پشکێکی گەورەی لەو سیستمەدا بەرکەوت، باقی پارتەکانی تر، هەم باشوور هەم ڕۆژهەڵات و باکوور لە ئاستی چاوەڕوانی یان شیاوی ژناندا نیە. بە بڕوای من ژنان لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور نەیانهێشتوە یان نەیانتوانیوە ڕۆڵی گرینگیان لە بەڕێوەبەری سیاسیدا بەرکەوێ و بیگێڕن. هێزی سیاسیی ژنان لەم دوو بەشەدا کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە و پەراوێز خراوە.
بەتایبەت لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وایلێهاتوە کە ئەو حیزبانە وەک حیزبی پیاوان چاویان لێ بکرێت. بۆ نموونە بزانە چەند ژن لە نێو دێموکراتەکان و کۆمەڵەکان لە ئاستی سەرکردایەتی ئەو حیزبانەدا هەن یان دیارن؟ نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ژن لە نێو مێدیای حیزبیی ئەوان و هەروەها لێدوان و دانیشتەکانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانەدا بە دەگمەن بەرچاو دەکەون.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیەو تا ئێستا بە دەیان جار کۆڕو و کۆبوونەوەی تایبەتیان هەبوەو هەموو کات وێنەکانیان کە بڵاو دەکەنەوە تەنیا پیاوانن، وەک ژن لە خەباتەکەیاندا هەر نەبووبێ و نەبێ.
ئەمە بۆ خۆی ئەوە دەسەلمێنێ کە ژنان دەوری کاریگەر و بەرچاویان لە نێو ئەم حیزبانەدا نیە. دیارە ئەمە بەو واتایە نیە کە پارتە سیاسیەکانی باشوور زۆر لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات باشترن ، لە باشوور چاوەڕوانی زیاتر دەکرێت چوون ئەوە سێ دەیەیە خاوەنی نیمچە سەربەخۆییەکن و زۆر جێگای داخە دوای سێ دەیە هێێشتا ژنانی باشوور وەک سەرکردەی حیزبێک دەرنەکەوتون.
لەمەش ئاڵۆزتر، پەیڕەو کردنی یاسایەکی پیاوسالار لە دام و دەزگاکان و بەتایبەت لە یاسا و دەزگای یاسایی دایە. کورتی دەکەمەوە، ڕۆڵی ژنی کورد لە نێو ئەحزابی کوردیدا لە ئاستی چاوەڕوانی و شیاوی ژنانی کورد نییە و ئەو پەراوێز خستنەی ژنان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە نیوەی هێزی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەت کەڵکی شیاوی لێ نەگیرێ. بێجگە لەوەش ئەو بەشانەی کوردستان کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدان ئەگەر پڵان و ڕێکارێکی دروست و گونجاو نەبیننەوە بۆ چالاک کردنی ژنان لە نێو حیزبەکانیاندا گەورەترین خەسار دەگەیەنن بە خەباتی کورد و قۆناغی ڕزگاری نیشتمان درێژ و درێژتر دەبێتەوە.
باڵكێش: ژن چی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت وەک لیدر کار بکات و ڕۆڵ ببینێت؟
پێم وایە ئێمە لەم بوارەدا پێویستە چاو لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین و لە ئەزموونە سەرکەوتوەکانی ئەوان کەڵک وەرگرین. گەرچی دەزانم زۆر کەس پێیان وایە ئەمە دەبێتە تەقلید یان لاسایی کردنەوە و کارێکی باش نییە، دیسانیش لە سەر ئەو باوەڕەم کە دونیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و گلوباڵیزم وای کردووە ئێمە زۆر بە ئاسانی دەتوانین لە ئەزموونی سەرکەوتووی یەکتر لە بوارە جیاوەزەکاندا کەڵک وەرگرین. لێرە لە ئوروپا بۆ هەر کارو بەرپرسایەتیەک خوێندنی ئاکادیمی و کۆرسی تایبەت هەیە. واتە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لەو بوارەدا ڕۆڵ بگێڕن ئەبێت لە پێشدا لە باری تیورییەوە شارەزاییان هەبێت. بێجگە لەوەش بۆ نموونە وڵاتی نۆرویژ بە پرۆژەی تایبەتەوە کار دەکات بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە ئاستی چاوەڕوان کراودا ڕۆڵی لیدر بگێڕن. هەربۆیە یاسایەکیان هەیە لە دامودەزگا حکومەتیەکاندا ئەبێت لانیکەم ٤٠٪ی لیدرەکان یان بەرپرسی یەکەم ژن بێت. واتە لە ڕێگای میکانیزمی کڤۆتە یان سەهمیەی ئیجباریەوە هەوڵ دەدەن ڕۆڵی ژن لە بەڕێوەبەری حکومەتی وەک لیدر بەهێز بکەن. لێرە سەرەڕای ئەوەش کە ژنان دەرفەت و مافی وەک یەکیان هەیە بۆ بەشداری سیاسی یان بوون بە لیدر، هێشتا پێیان وایە بۆ ئەوەی ئەو لارسەنگیەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ژنی دابڕیوە لە بەڕیوەبەری سیاسی پێویستە لە ئیمتیازی ئەرێنی بە ژنان کەڵک وەربگیرێ. دیارە ئەوەمان لە بیر نەچێت میکانیزمی کڤۆتە یان ئیمتیازی ئەرێنی بەو واتایە نییە ڕۆڵ یان بەرپرسایەتی بە ژنێک بدەیت تەنیا لە بەر ژن بوونی، بەڵکو لە هەڵبژاردنەکاندا ئەبێت شایستەترین ژن بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێری کە لە هەمان ئاستی شایستەگی پیاوەکە دایە. ڕەنگە بڵێن ” باشە کەوایە با ژن و پیاو هەردووکیان خۆیان بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژێرن و لە ڕێگای دەنگهێنانەوە دیاری بکرێن، ئەمە کاتێک ڕەوا دەبێت کە کۆمەڵگا و پیاو هێزو توانای بەڕێوەبەری سیاسی ژنان هەست پێ بکەن. بمانەوێ و نەمانەوێ، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو وەک مرۆڤێکی خاوەن توانای بەڕێوەبەری سیاسی چاوی لە ژن نەکردووەو ئەم بیرۆکەیەش تا ئێستا لە هەموو جیهاندا زاڵە بە سەر بیرو هزری هەموو ئەندامانی کۆمەڵگادا، هەربۆیە ئەگەر ژنان شایستەی پۆستێکیشیان هەبێت بە هۆی زاڵی ئەو بیرۆکەیە ناتوانن لە بەرانبەر پیاوێکدا دەنگ بێننەوە. جا لە بەر ئەوەشە لە بیرۆکەی ئیمتیازی ئەرێنیدا ئوروپاییەکان دەڵێن بۆ ئەوەی نادادپەروەری بنەبڕ بکەیت ناچاری لە ڕێگای یاسایەکی نادادپەروەرەوە دونیا و ژیانی مرۆڤەکان دادپەروەرانە کەیتەوە.