لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شەڕی کاندیدیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتوو لەناو یەکێتی نیشتمانی دەستیپێکردووەو تائێستا چەند کەسێک رکابەری دەکەن بۆ ئەو پۆستە.
بەپێی عورفی سیاسی لەدوای ساڵی 2005ەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار لەعێراق بۆ کورد بووە، لەناو کوردیش ئەو پۆستە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، تائێستا لەو حیزبە سێ کەسی جیاواز (جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح) ئەو پۆستەیان وەرگرتووە.
لەئێستاشدا دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی تشیرینی یەکەمی رابردوو بەرێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی بە 16 کورسی پەرلەمانییەوە دەیەوێت جارێکی تر ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی یەکێتی نیشتمانی چاوی لەو پۆستەیە، پارتی دیموکراتیش، کە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانەو خاوەنی 33 کورسی پەرلەمانی عێراقه، چاوی لەوەیە لەم خولە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت.
هەرچەندە پارتی چاوی لەوەیە، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، بەڵام ئەگەر هەیە بە کۆمەڵێک مەرجی تایبەتی خۆی، کە بۆ یەکێتی نیشتمانی دایدەنێت، دەستبەرداری ئەو خواستەی ببێت.
زانیارییە نا فەرمییەکان باس لەوە دەکەن، پێشتر لەناو پارتی باسی ئەوە کراوە، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، بەڵام ناوبراو ئامادەنییە لەئێستادا ئەو پۆستە وەربگرێت.
دوای ئەویش لەناو پارتی ناوی هۆشیار زێباری دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زێباری کەسێکی خوازراو نییە لەلای شیعەکانی عێراق، بۆیە چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ناوبراویش تارادەیەک قورسە.
بەو هۆیەوە پارتی لەئێستادا بیر لەوە دەکاتەوە، دەستبەرداری ئەو خواستەی ببێت، کە ئەو پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، بەڵام لەگەڵ دەستبەرداربوونیشی، دەیەوێت کۆمەڵێک مەرج بەسەر یەکێتی بسەپێنێت.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار بخاتە بەرانبەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەشێوەیەک ئەگەر ئەو پۆستە بۆ یەکێتی بێت، ئەوە دەبێت یەکێتی رازی بێت بەوەی کاندیدی پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێت.
هەروەها پارتی دەیەوێت یەکێتی نیشتمانی کەسێک کاندید بکات، کە خواستی ئەوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لەداهاتوو سەرۆک کۆمار نەبێتە رێگری بەردەم جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پارتی لەبەغدا.
کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار
لەناو یەکێتی مشتومڕەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرەو گەرمبوون دەچێت، ماوەیەکیشە ناوی هەریەکە لە بەرهەم ساڵحو مەلا بەختیار دەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی ناوی چەند کەسێکی تریش دێت، لەوانە لەتیف رەشید.
بەرهەم ساڵح چانس لەدەست دەدات
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چەند جارێک جەختیکردەوە، وەک یەکێتی کار دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەرگرنەوەو باسی لەوەش کرد، بەرهەم ساڵح کاندیدی حیزبەکەی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.
هەرچەند هاوسەرۆکی یەکێتی بەرهەم ساڵحی کاندید کردووە، بەڵام تائێستا کاندیدی فەرمی ئەو حیزبە نییە، رەنگە گۆڕانکاریش بەسەر ئەو قسەی بافڵ تاڵەبانی بێت، بەتایبەتی ئەگەر بەرهەم ساڵح پشتگیری ناوخۆییو دەرەکی نەبێت.
لەئێستادا زۆرێک لەلایەنە شیعەکان، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی نزیکن لەئێران نیگەرانن لەهەڵوێستەکانی بەرهەم ساڵح، بۆیە ئەستەمە جارێکی تر بهێڵن ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
بەرهەم ساڵح، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییەو لەساڵی 2018ەوە سەرۆک کۆماری عێراقە، یەکێکە لەو کەسانەی ناوی دەهێنرێتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری.
لایەنە شیعەکان پێیانوایە لەسێ ساڵی رابردوو بەرهەم ساڵح وەک پێویست کاری نەکردووەو لەپرسە سیاسییەکان لایەنداری کردووە، هەروەها پێیانوایە، ئەو عەرابی کەوتنیان بووە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بەرهەم ساڵح، لەساڵی 2018 دوای رکابەرییەکی زۆر لەگەڵ کاندیدی پارتی، کە فوئاد حوسێن بوو پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، پارتی بەهۆی ئەوەی لەگەڵ کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح نەبوو، بۆیە کاندیدی لەبەرانبەر دانا، بەڵام بەهۆی پشتگیری لایەنە شیعەکان بەرهەم ساڵح براوە بوو.
ئەم هەڵوێستە پارتی تووڕەکردو تائێستاش لەدەرفەتێک دەگەڕێت تۆڵەی لێبکاتەوە، بۆیە پارتی یەکێکی تر دەبێت لەو لایەنانەی، کە پشتگیری بەرهەم ساڵح ناکات بۆ ئەوەی خولێکی تریش پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت.
لایەنی ئێرانیش، کە رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقی، بۆ ئەم جارە پشتگیری بەرهەم ساڵح ناکاتو بەپێی زانیارییەکان، ئەو پەیامەشیان بەیەکێتی داوە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین بەرهەم ساڵح کاندیدی سەرۆک کۆمار بێت.
ئێران پێی وایە لەسێ ساڵی رابردوو بەرهەم ساڵح بەربەستی گەورەی بەردەم خواستەکانیان بووە لەعێراقو لەزۆربەی ململانێکان پشتگیری خواستی دژە ئێرانی کردووە.
ئەم هۆکارانە ئەوە دەردەخەن، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح هەموو چانسەکانی لەدەستداوە، تەنیا ئەوە نەبێت ئەمریکییەکان بەکاندیدکردنەوەی رازی بنو پشتگیرییەکی توندی بکەن، کە ئەمەش بەدوور دەزانرێت.
مەلا بەختیار دێتەوە ململانێکە
مەلا بەختیار، ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە، یەکێکی ترە لەو کەسانەی ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق.
مەلا بەختیار لەساڵی 2018 خواستی ئەوەی هەبوو پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، ململانێیەکی بەهێزیشی لەگەڵ بەرهەم ساڵح کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نەیکردە کاندیدی فەرمی حیزبەکە، لەململانێکە کشایەوە.
ئێستا جارێکی تر مەلا بەختیار گەڕاوەتەوە کێبرکێو ململانێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارو بەپێی زانیارییەکان مەلا بەختیار کار بۆ ئەوە دەکات، بەفەرمی کاندیدی حیزبەکەی بێت بۆ ئەو پۆستە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، مەلا بەختیار خواستو پشتگیری ناوخۆیی بەشێکی زۆر لەیەکێتیو تەنانەت پارتی دیموکراتیشی هەیە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، ئەمە جگە لەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق.
ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی بوترێت، رەنگە مەلا بەختیار کاندیدێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، هەرچەندە وەرگرتنی پۆستەکەش بۆی ئاسان نابێتو رەنگە بەربەستی بۆ دروست بێت.
بوار نیوز