عادل باخەوان
بەپێی تازەترین توێژینەوەی فەرەنسی کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە و پەیمانگای فەرەنسی بۆ ڕای گشتی ئەنجامیداوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئامادەیی ئاین لە نێو کۆمەڵگای فەرەنسیدا بەشێوەیەکی دراماتیکانە دادەبەزێت و من هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا، بە کورتی و بە چڕی ژمارە و ڕێژەی ئەم دابەزینە لای چین و تەمەنەکان بخەمەڕوو و پێموایە بۆ هەموو ئەوانەی چاودێریی دیاردەی دینداریی کۆمەڵگاکان دەکەن گرنگە و جێگای تێڕامانە.
- بەپێی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە، 51% فەرەنسیەکان باوەڕیان بە بوونی خوا نیە و پەتای کۆڤیدی نۆزدەش هیچ کاراییەکی بەسەریانەوە دانەناوە بۆئەوەی لەم قۆناغە هەستیارەدا لە خوا نزیکببنەوە و پەیوەندی لەگەڵدا دامەزرێنن.
- لەکاتێکدا ساڵی 2011 ئەو فەرەنسیانەی کە باوەڕیان بە بوونی خوا نەبوو تەنها 44% بوون. لە ساڵی 1947 دا ئەو فەرەنسیانەی کە باوەڕیان بە بوونی خوا هەبوو 66% بوون. واتە لەنێوان ئەم دوو بەروارەدا، ڕێژی باوەڕوبوون بە خوا بەشێوەیەکی زۆر دراماتیکی لای فەرەنسیەکان دابەزیوە.
- لە نێو باوەڕدارەکاندا، ئەوانەی کە تەمەنیان لە سەروی شەست و پێنج ساڵیەوە، زۆر ترینن و ڕێژەیان دەگاتە 58% و پاش ئەم گروپە لە تەمەن، گروپی لاوان دێن و ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان هەژدە بۆ سی و چوار ساڵیدایە 48% باوەڕیان بە بوونی خوا هەیە.
- واتە ئامادەیی ئیمان لە نێو دوو گروپی تەمەندا زۆر بەهێزە، گروپی لاوان و گروپی بە ساڵاچوەکان و ئەمەش پێویستی بە لەسەر وەستانی سۆسیۆلۆژی هەیە و ئەکرێ بەدواداچوونی بکرێت بۆ ئەو هۆکارانەی وادەکەن کە گەنج و بەساڵاچووی فەرەنسی بەدوای خوادا بگەڕێن.
- داتایەکی گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە 54% فەرەنسیەکان پێیانوایە کە هەموو ئاینەکان وەک یەکن و دەبێت لە یەک ئاستدا و بەبێ جیاوازی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و نابێت فەزڵی ئاینێک بەسەر ئاینێکی دیکەدا بدرێت و شتێک نیە بەناوی ئاینی ڕاست و ئاینی هەڵە.
- ساڵی 2009 ئەو فەرەنسیانەی کە لە نێو خێزانەکانیاندا باسی خوا و ئاینیان دەکرد و بە پرسێکی گرنیان دادەنا 58% بوو، بەڵام لەم ساڵدا ئەو ڕێژەیەش دیسان بەشێوەیەکی دراماتیکی دادەبەزێت بۆ 38% و ئەمەش دیسان پەیوەندی نێوان ئاین و خێزان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
- لەسەر ئاستی هاوڕێیەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش هەمان دابەزینی دراماتیکی تێبینی دەکرێت، چونکە ساڵی 2009 ئەو فەرەنسیانەی کە لە گەڵ هاوڕەکانیاندا باسی خوا و ئاینیان دەکرد و بە پرسێکی گرنیان دادەنا 49% بوون، بەڵام لەم ساڵدا ئەو ڕێژەیە دادەبەزێت بۆ 29% ! لە پشت ئەم گۆڕانکاریەوە کۆمەڵێک هۆکاری گرنگ هەن و تێگەیشتن لێیان ڕێگاماندەدات کە دەستمان لە دیاردەی پشتکردنە کۆمەڵایەتیانەی خوا لای فەرەنسیەکان گیرببێت.
- بەڵام لەهەمانکاتدا 68% فەرەنسیەکان پێیانوایە کە ئاینەکان دەتوانن بەشداری ئەرێنیانە بکەن لە گەیاندنی بەها گرنگەکانی وەک ڕێزگرتن لە ئەویتر، لێبوردەیی، بەرپرسیارەتی و بەخشندەیی بە گەنجان و ئاینەکان دەتوانن یارمەتیدەری گەنجان بن بۆ خۆدۆزینەوە.