حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرماڵەیەک بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی وەزارەتی پەروەردە خەرج دەکات کە مۆڵەتی خوێندنیان هەیە و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، دەرماڵەکە بڕاوەیە.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دەرماڵەیەکی 150 هەزار دیناری بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە خەرج دەکرێت، بەڵام بەپیێ یاسا و ڕێنماییەکان هەرکەسێک هەرجورە مۆڵەتێک وەردەگرێت هەموو دەرماڵەکان دەبڕدرێت ئەگەر بێت و مۆڵەتەکە لە 29 ڕۆژ زیاتر بێت.”
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە ڕوونی کردەوە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوکاری بۆ ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی مۆڵەتی خوێندنیان هەیە دەرماڵەی 150 هەزار دیناری خەرج دەکات و لەمەودوا سوودمەند دەبن لە دەرماڵەکە، بەڵام هیچ جۆرە مۆڵەتێکی دیکە ناگرێتەوە.”
مەریوان بەگۆک دەڵێت: “ئیدی دەرماڵەی 150هەزار دیناریی مامۆستایان بڕاوەیە و بۆیان خەرج دەکرێت، کە بەهۆی بڕیارەکەوە ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستا و فەرمانبەر سوودمەند دەبن.”