جیهان

باراک ئۆباما: ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە

25-10-2026
باراک ئۆباما: ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

باراک ئۆباما: ئیدارەی ترەمپ سەربازانی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە و بەبێ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمز، بنکەکانی ئەمریکای رووبەڕووی وێرانبوون کردووەتەوە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە میانی کەمپەینی بانگەشەی دیموکراتەکان رایگەیاند، "ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە لەبەر ئەوەی من رێککەوتنم لەگەڵیاندا کرد و هیچ مووشەک و بۆمبێکم بەکارنەهێنا".

لەبارەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر بە تاران، ئۆباما دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە، لەبەر ئەوەی جەنگێکی دژی ئێران هەڵگیرساند و بەو هۆیەوە چەندان سەربازی ئەمریکی کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، "بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە بنکە سەربازییەکانیان وێران کراون و کۆگای مووشەکیی ئەمریکا کەم بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێران هێشتا کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لە دەستدایە".

لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباما، وڵاتانی زلهێزی جیهان رێککەوتنێکی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرانبەر سووککردنی سزاکان؛ بەڵام لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای تووندی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە.