دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی تووند دەداتە تاران و رایدەگەیێنێت، ئەگەر رێکنەکەون، مەیلی بەلای ئەوەدایە لە دوای سەری ساڵەوە جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران دەستپێبکاتەوە؛ هاوکات هەڕەشەی ژێرئاوخستنی هەر کەشتییەکی ئێرانی دەکات کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بدات.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیووز)ـی ئەمریکی رایگەیاند، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، بەڵام هیچ ئەنجامێکی کردەییان لێ نەکەوتووەتەوە و لەم کاتەشدا هیچ ئاماژەیەک نییە کە تاران ئامادەی رێککەوتن بێت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "مەیلم بەلای ئەوەدایە لە دوای سەری ساڵەوە هێرشەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران دەستپێبکەمەوە، ئەگەر هیچ رێککەوتنێک نەکرێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە نێوان دانوستاندن و هێرشی سنوورداردا لەگەڵ ئێران گیریان خواردووە بێ ئەوەی ململانێکە کۆتایی پێبێت.
هەڕەشەی ژێرئاوخستنی کەشتییە ئێرانییەکان
بەشێکی دیکەی هەڕەشەکانی ترەمپ تایبەت بوو بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوەی میدیای ئێران ئەم هەفتەیە ئاماژەیان بەوە کردبوو، رەنگە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا تاقیبکەنەوە.
ترەمپ لە وەڵامدا هیوای خواست ئێران ئەو کارە بکات و گوتی: "ئەگەر ئێران هەوڵی شکاندن یان تاقیکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بدات، هێزەکانمان تەقەیان لێ دەکەن و کەشتییەکانیان ژێرئاو دەخەین."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییشی دا، هەر کەشتییەکی ئێرانی هەوڵی تێپەڕاندنی گەمارۆکە بدات، "هەمان چارەنووسی پاشماوەی هێزی دەریایی ئێرانی دەبێت و دەنێردرێتە بنکی دەریا."
سەبارەت بە رەوتی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی تووندی لە شێوازی دانوستاندنی بەرپرسانی ئێران گرت و بە کەسانی لێهاتوو لە "خۆدزینەوە و کاتکوشتندا" باسی کردن.
ترەمپ گوتی: "ئێرانییەکان بەردەوام قسە دەکەن، بەڵام لە خۆدزینەوەدا زۆر لێهاتوون؛ هەموو ئەوەی دەیکەن تەنیا قسەکردنە و قسەکانیشیان بێبنەمان."
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ فۆکس نیووز، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆخی نێوخۆی ئێران کرد و رایگەیاند، دیمەن و گرتە ڤیدیۆییەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێرانی بینیوە و داوا لە خۆپێشاندەران دەکات بەردەوام بن.