کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەنگدانی تاقیکاری دەکات. دوای بڕیاری بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لەبری کارتی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، کۆمیسیۆن دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و پڕۆسەی دەنگدانی تاقیکاری بەڕێوەدەبات. لەم بارەیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمیسیۆن ژمارەیەک تۆماری لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە و رادەستی کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی کردووە تاوەکوو لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان تاقیان بکاتەوە. جومانە غەلای گوتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆسەیەکی تاقیکاریی نموونەیی دەستکرد بەڕێوەدەچێت بۆ تاقیکردنەوەی کارتە نیشتمانییەکان لەسەر ئامێرەکان. هەروەها باسی لەوە کرد، لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگرتنی داتاکانن لە وەزارەتی ناوخۆ و رادەستکردنیان بە کۆمپانیاکە بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تاقیکاری. بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی پڕۆسەکە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داتای 50 فەرمانبەری خۆی وەک نموونە وەرگرتووە بۆ تەواوکردنی توێژینەوەکان لەسەر توانای بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی. لە هەمان کاتدا شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئاماژەیان بەوە دا، بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی کاتێکی زۆر بۆ کۆمیسیۆن دەگەڕێنێتەوە و خەرجییەکانیش زۆر کەم دەکاتەوە. پڕۆژەی بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە بری کارتی دەنگدان، یەکێکە لە هەنگاوە نوێیەکانی دامەزراوەکانی عێراق بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەکان و کەمکردنەوەی ساختەکاری. لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆی چڕیان کرد بۆ گۆڕینی سیستمی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران بە جۆرێک راستەوخۆ گرێ بدرێت بە داتابەیسی وەزارەتی ناوخۆوە. بەپێی بڕیارەکانی پێشوو، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو جێگەی پێناسەی باری شارستانی و رەگەزنامەی گرتووەتەوە و حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات بیکاتە بنەمای سەرەکی بۆ سەرجەم مامەڵە فەرمییەکان. بەکارهێنانی ئەم کارتە لە هەڵبژاردنەکاندا، رێگری لە دووبارە دەنگدان و بەکارهێنانی کارتی ساختە دەکات، چونکە کارتی نیشتمانی تایبەتمەندی ئەمنی زۆر بەرزی هەیە و زانیارییەکان لەسەر چیپێکی ئەلیکترۆنی هەڵگیراون.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ و سبەی "بارانی کەم" لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێ. کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات تۆز و خۆڵێکی "سووک"یش لە کەشدا بەدی دەکرێ. کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێ و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی دیکە دادەبەزێ. سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێ لەمڕۆوە شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارانبارینی لاواز بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکان بگرێتەوە، کە بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی شێدارەوەیە لە دەریای نێوەڕاست و کەنداوی عەرەبی". ئەو کەشناسە گوتی: "نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز گۆڕان لە کەشدا دروست دەکات و شتێکی سرووشتییە کە بارانێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێ. شەپۆلەکە لاوازە و سەنتەری شارەکان ناگرێتەوە." پلەی گەرمای سبەی بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە: هەولێر: 38 پلەی سیلیزی سلێمانی: 36 پلەی سیلیزی دهۆک: 37 پلەی سیلیزی هەڵەبجە:38 پلەی سیلیزی پیرمام: 35 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 37 پلەی سیلیزی زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 37 پلەی سیلیزی گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران:27 پلەی سیلیزی
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرد و کەمترین مووچەی مانگانەی بە 500 هەزار دینار دیاریکرد. بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026 کە بە ئیمزای ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەرچووە، کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار دیاریکراوە. لە رێنماییەکەدا هاوکات مەرجەکانی شایستەبوونی کرێکاران بۆ وەرگرتنی ئەو مووچەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەستنیشانکراون: تەمەن و خزمەت: پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ئافرەت 55 ساڵی تەواو کردبێت، بە مەرجێک لانیکەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت. پیاو لانیکەم 30 ساڵ و ئافرەت 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت (بەبێ رەچاوکردنی مەرجی تەمەن). کەمئەندامی و کۆچی دوایی: نەخۆشیی پیشەیی: ئەو کرێکارانەی بەڕێژەی 100٪ تووشی نەخۆشیی پیشەیی دەبن بەپێی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی. پێکانی کار: ئەگەر کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان ببێت و بێتە هۆی پەککەوتنی تەواو یان گیانلەدەستدان. کۆچی دوایی: ئەگەر کرێکارەکە لە ماوەی خزمەتیدا کۆچی دوایی بکات و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت، خێزان و جێماوەکانی مووچەکەی وەردەگرن. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێنمایییە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێگەیشت. سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوايی شێخ عەبدولواحید ئيبراهيم شێخ عەبدولسەلام بارزانى، براگەورەی بنەماڵەی بارزانى دەربڕی. لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیماراتی کرد بۆ پەیوەندیی و سەرەخۆشییەکەی. ڕۆژی یەکشەممەش، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێگەیشت و هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ كۆچی دوایی برای گەورەی بنەماڵەی بارزانی دەردەبڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز دەکات ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بگۆڕێت بۆ "ئەمریکای نوێ"، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن فەرمانڕەوای ویلایەتەکەوە پێشنیازەکەی ڕەتدەکرێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا پێشنیازی کردووە ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بگۆڕێت بۆ ئەمریکای نوێ، بەڵام ئەم پێشنیازە ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتەوە ڕەتکرایەوە و بە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک وەسفی کرد. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە کە زۆر کەس ئەو پێشنیازەیان کردووە و پێیوایە ناوە نوێیەکە شانازی و جوانییەکی زیاتر بە خەڵکی ویلایەتەکە دەبەخشێت. هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە، کۆشکی سپی وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هێڵ بەسەر وشەی مەکسیکۆدا کێشراوە و ناوی ئەمریکا لە شوێنی دانراوە. میشێل لوجان گریشام، فەرمانڕەوای نیو مەکسیکۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بە توندی پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوی ویلایەتەکە جێگەی گفتوگۆکردن نییە، چونکە مێژووەکەی بۆ پێش دروستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. گوتیشی: ترەمپ دەیەوێت بەم قسانە سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە گرنگەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لابدات. ئەمە یەکەم جار نییە ترەمپ بیرۆکەی گۆڕینی ناوەکان دەخاتە ڕوو؛ پێشتر ناوی کەنداوی مەکسیکی کردبووە کەنداوی ئەمریکا و داواشی کردبوو ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بکرێتە دەریاچەی ئەمریکا، تەنانەت هەفتەی ڕابردووش بە گاڵتەوە گوتبووی گەرووی هورمز دەکرێتە گەرووی ترەمپ.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆن هێرشکرایە کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. کاتژمێر 04:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر کەمپی سوورداش و بەهۆیەوە چەند خانوویەک سووتان و زیان بەر کەمپەکە کەوتووە. حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لەماوەی جەنگی ئەمریکا و ئێراندا زیاتر لە 108 هێرشی مووشەک و درۆنی کراوەتە سەرمان. - دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر 04:45 بۆ05:05 خولەکی بەیانی ڕۆژی دووشەممە 2026/9/7 بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی پەنابەران لە سورداش. لە دەرئەنجامی هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. -کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە هێرشەکانی سەر ئەم کەمپە بەشێوەی بەردەوام ئەنجام دەدرێن. دەشڵێ جگه لە ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل، هیچ بنکەیەکی سەربازی و حیزبی لەو شوێنەدا بوونی نییە. هاوکات بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2,200 تمەن دابەزی و یەک دۆلار بە 224,300 تمەن مامەڵەی پێوەکرا. لە 24 کاژێری رابردوودا، نرخی دۆلار لەنێوان 224,200 بۆ 230,100 تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. ئامارەکان دەریدەخەن نرخی دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 6.25% و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا 44.06% بەرزبووەتەوە. گرنگترین هەواڵی ئابووری کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبوو، لێدوانەکانی عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران بوو سەبارەت بە دۆخی یەدەگی دراو و پلانی بانکەکە بۆ خستنەڕووی دۆلار. هیممەتی جەختی لەوە کردەوە ئێران سەرچاوەی دراوی بیانیی پێویستی لەبەردەستە و رایگەیاند، بانکی ناوەندی ئامادەیە بڕی دوو ملیار دۆلار بخاتە بازاڕەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە رۆژانی رابردوودا زیاتر پەیوەندی بە دۆخی دەروونییەوە هەبووە نەک هۆکاری راستەقینەی ئابووری و پێشبینیشی کرد ئەو شەپۆلە دەروونییەی بازاڕ دابمرکێتەوە. ئەم لێدوانانە لای بازرگانان وەک ئاماژەیەک بۆ دەستوەردانی بانکی ناوەندی و زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار لە رۆژانی داهاتوودا لێکدرایەوە. پارێزگاری بانکی ناوەندیی پێشتریش هۆشداری دابوو ئەگەر نرخەکان لە راستییە ئابوورییەکان دووربکەونەوە، بانکەکە دەستوەردان دەکات. لە پاش ئەم لێدوانانە، ئەو بازرگانانەی بە مەبەستی خۆپارێزی و ترسی گرانبوون، دۆلاریان دەکڕی، پاشەکشەیان کرد، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست و رێگەی خۆشکرد بۆ خۆڕاستکردنەوەی نرخی تمەن.
وەرزی رابردوو ریال مەدرید بەدەست چەندین کێشەی ناوخۆییەوە دەیناڵاند، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر یانەکە هەبوو و بوونە هۆی ئەوەی وەرزەکە بەبێ هیچ نازناوێک کۆتایی پێ بهێنێت. وەرزی رابردوو ناکۆکییەکی تووند لەنێوان ژمارەیەک یاریزانی سەرەکی و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئەوکات دروستبوو، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکە. هەروەها ناکۆکی نێوان فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆریلین چوامینی بووە سەردێری رۆژنامەکانی جیهان، لە کاتێکدا ئەلڤارۆ ئاربێلوا تووشی کێشە بوو لەگەڵ هەندێک لە یاریزانان، لەوانەش کیلیان ئێمباپێ. هاتنی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ سەر کورسیی یەدەگی ریال مەدرید لەم هاوینەدا، ئامانج لێی بەشێکی ئارامکردنەوەی کەشوهەوا ئاڵۆزەکەی ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان بوو. ئەم هەنگاوە تاوەکو ئێستا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە تۆمارکردنی سێ سەرکەوتنی لەسەریەک لە سێ یاریی خولی ئیسپانیادا. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاروباری ناو یانەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت. وا دەردەکەوێت شێوازەکانی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، کە کەمێک نەرمترە لە خولی یەکەمی راهێنەرایەتی لە یانەکە، جێگەی رەزامەندی یاریزانە ئەزمووندارەکانی ریال مەدریدە، لە کاتێکدا دەگوترێت جەخت لەسەر لایەنە دیاریکراوەکان دەکاتەوە، وەک چڕیی مەشقەکان. ئاشتەوایی نێوان ئێمباپێ و بێلینگهام بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆ زانیاری نوێی ئاشکراکردووە و روونی کردووەتەوە کە ئاشتەوایی لەنێوان هەندێک لە یاریزانان روویداوە. پێشتر ناکۆکی لەنێوان کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام هەبووە، و گرژییەکانی نێوان یاریزانە فەرەنسییەکە و ئینگلیزییەکە لە وەرزی رابردوودا گەیشتبووە لووتکە، بەڵام بەپێی بەرنامە تەلەڤزیۆنییە ئیسپانییەکە، ئەم وەرزە بارودۆخەکە هێور بووەتەوە و ئێستا هەردوو یاریزانەکە بەتەواوی تەبان. بەبێ چوونە ناو وردەکاریی زیاتر و بە ئاماژەدان بە سوپرایزی زیاتر لە پەخشی داهاتوودا، بەرنامەکە زیادی کردووە کە جۆزێ مۆرینیۆ یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو ئەستێرەکەی ریال مەدرید. چونکە هەردووکیان لە چەندین ئاهەنگی گۆڵ تۆمارکردندا لەم وەرزەدا بینراون کە بە جۆش و خرۆش و دۆستانە پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن. سروشتییە کە ئەم نزیکبوونەوەیە مۆرینیۆ دڵخۆش بکات، چونکە راهێنەرەکە گرنگیی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان ئێمباپێ و بێلینگهام دەزانێت بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی ناوازە و بەدەستهێناونی نازناوەکان لەم وەرزەدا.
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە کە رۆدری، کە وەک یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی هاوین پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، لە ئێستاوە هەندێک گومانی لە لایەن دەستەی تەکنیکی بە سەرکردایەتی هانزی فلیکی ئەڵمانی دروست کردووە. بارسێلۆنا یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی هاوینی یەکلاکردەوە. لەکاتێکدا وادیاربوو رۆدری لە رێگادایە بەرەو ریال مەدرید، یانە کەتەلۆنییەکە توانی گرێبەستەکە لە قورگی ریال مەدرید دەربێنێت و باشترین یاریزانی مۆندیالی رابردوو بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە. ئەم گرێبەستە وەک سەرکەوتنێکی وەرزشیی گەورە هەژمارکرا، چونکە بلاوگرانا بەڕوونی توانی یاریزانەکە لە رکابەرە مێژووییەکەی بڕفێنێت. لە لایەکی دیکەوە، دەگووترێت یاریزانەکە بارسێلۆنای هەڵبژاردووە بەهۆی شێوازی یاریکردنی تیپەکەوە، کە پێیوایە زیاتر لەگەڵ تایبەتمەندییەکانیدا دەگونجێت. هەروەها ئارەزووی کردووە لە تەنیشت چەندین هاوڕێی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکات، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵیاندا هەیە. تاوەکو ئێستا، یاریزانی پێشووی مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا لە دوو یاریی خولی ئیسپانیدا بەشداری کردووە، کە نزیکەی بیست خولەک بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو و پاشان بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یاری کردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە بەم زووانە دەبێتە یاریزانێکی سەرەکی. سەرەڕای ئەوەش، بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆ زانیارییەکی نیگەرانکەری ئاشکرا کردووە. لە بارسێلۆنا، رۆدری مەرج نییە وەک یاریزانێکی سەرەکی و هێڵی سوور هەژمار بکرێت. هانزی فلیک و ستافی راهێنەرانی پێیانوایە یاریزانەکە ناتوانێت نزیکەی 60 یاری لە وەرزێکدا وەک یاریزانی سەرەکی ئەنجام بدات، بۆیە شوێنە سەرەکییەکەی لەگەڵ مارک بێرناڵ دابەش دەکات، بەشێوەیەک کە هەردوو یاریزانی هێڵی ناوەڕاست کاتی یاریکردن بە یەکسانی لەنێوانیاندا دابەش دەکەن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یاریزانەکە لە هاویندا نەشتەرگەرییەکی بچووکی بۆ پشتی ئەنجامداوە، ئەمەش بەشێوەیەکی لۆژیکی کاریگەری لەسەر مەشق و راهێنانەکانی پێش وەرز هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، گومانەکان سەبارەت بە توانای جەستەیی ئەو پێش مۆندیالیش هەبوون، و تەنانەت لە گفتوگۆکانی ناو هەڵبژاردەی ئیسپانیاشدا باسیان لێوە دەکرا. بۆیە لۆژیکییە وابیربکەینەوە کە هانزی فلیک بەشێوەیەکی سەرەکی لە یارییە گەورەکاندا پشت بەم یاریزانە بەئەزموونە دەبەستێت، و مارک بێرناڵیش کە وەک جێگرەوەی ئەو لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبینرێت، دەکرێت هەلی یاریکردنی لە یارییە کەمتر گرنگەکانی خولی ئیسپانیادا بۆ بڕەخسێت، وەک ئەوەی لە سەرەتای ئەم وەرزەدا روویدا.
دەستەی دەسپاکیی عێراق، فەرمانبەرێکی ئافرەتیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانیە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکردووە، کە داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردبوو بۆ راییکردنی مامەڵەی کڕینی زەوییەکی حکومەت. رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" تیمێکی مەیدانی لە پارێزگای دیوانیە دوای وەرگرتنی زانیاری و وردبینی، توانییان فەرمانبەرێکی هۆبەی موڵکایەتی لە شارەوانیی شارەکە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکە دەستگیر بکەن". ئەو ژنە فەرمانبەرە داوای بڕە پارەیەکی وەک بەرتیل لە هاووڵاتییەک کردبوو بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕینی پارچە زەوییەکی دەوڵەتی بۆ تێپەڕێنێت، کە بەپێی مادەی 25ـی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت ئەنجامدرابوو. تیمی دەسپاکیی عێراق راشیگەیاندووە، کە دوای دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، بۆسەیەکی تۆکمەیان بۆ تۆمەتبارەکە داناوە و لە کاتی وەرگرتنی پارەکەدا دەستگیریان کردووە. دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانیە بڕیاریداوە تۆمەتبارەکە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو رابگیرێت تاوەکو لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەگەڵیدا تەواو دەبن. پارێزگای دیوانیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی فراوانترین هەڵمەتی دژە گەندەڵی بووەتەوە کە بە "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناسراوە، تێیدا دەیان بەرپرس و فەرمانبەری پلە باڵا بە تۆمەتی ساختەکاری لە مامەڵەکانی زەوی و زار و وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراون.
گیراوانی دۆسیەی لالەزار لەبەردەم دادگای سلێمانی دانپێدانانەکانی پێشوویان ڕەتکردەوە و پەردەیان لەسەر ئەشکەنجەی جەستەیی، بەکارهێنانی کارەبا و سووکایەتی لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی هەڵدایەوە، بە جۆرێک هەندێکیان لە شەرمی خێزان و منداڵەکانیان نەیانتوانی وردەکاریی ئەشکەنجەدانیان بۆ دادوەر بگێرنەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە گیراوانی دۆسیەی لالەزار لە بەردەم دادگا ئامادەبوون، شەش کەسیان وتەیان لێوەرگیرا، سەرجەمیان وتەکانی پێشتریان ڕەتکردەوە بەبیانووی ئەوەی لە ئاسایشی سلێمانی بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجە وتەیان لێوەرگیراوە. دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزار، ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا لە کۆی 12 کەس تەنیا وتەی شەش دەستگیرکراو وەرگیرا، ئەو شەش کەسەی وتەیان لێوەرگیرا سەرجەمیان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانپێدانانەکانی پێشوویان بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕوونیان کردەوە ئەو قسانەی لە ئاسایش لێیان وەرگیراوە لە ئەنجامی گوشار و ئەشکەنجەی ئابڕووبەرانە بووە. ٠ یەکێک لە گیراوەکان لەبەر کەسایەتیی بنەماڵەکەی نەیتوانیوە لە هۆڵەکەدا جۆری ئەو ئەشکەنجانە باس بکات کە لە بەرامبەری کراوە. ٠ یەکێک لە گیراوەکان پێشتر چێشتلێنەری مام جەلال بووە، دوای ڕووداوەکانی لالەزار لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هەواڵپرسین لەگەڵ لاهوور برازای مام جەلال دەستگیر کراوە، لە بەردەم دادوەر وتوویەتی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە، نیوەی خواردنی پێدراوە و ئەشکەنجەدراوە و کارەبای لێدراوە، تەنانەت لە دانیشتنەکەدا ئەوەندە لاواز بووە نەیتوانیوە بەباشی قسە بکات. هاوکات، یەکێکی دیکە لە گیراوەکان کە باخەوانی د. ئاکۆی برای لاهوور تاڵەبانی بووە، تەنیا لەسەر ئەوە دەستگیرکراوە کە شووقەیەک بە ناوییەوە کراوە. دانا تەقیەدین، وتیشی، ئەمڕۆ وتە لە لاهوور تاڵەبانی وەرنەگیراوە، دادگایی کردنە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، دانیشتنەکەی دادگا ساتەوەختی زۆر کاریگەری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە کاتی هێنانی ڕەمەزان حوسێن، پاسەوانی لاهوور تاڵەبانی کە بە شەرواڵ و تیشێرتێک و بە سەر و ڕیشی سپییەوە هێنراوەتە هۆڵەکە، بە بینینی هاوسەرەکەی و کچەکەی چاوی پڕ لە فرمێسک بووە، لە کاتێکدا چەندین مانگە لە زیندانە و کچەکەشی تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە. ئەو گیراوەی لالەزار بە زەردەخەنەیەک بۆ هاوسەر و کچەکەی هەوڵیدا فرمێسکەکانی بشارێتەوە و بە بەرزکردنەوەی دەستی ڕاستی سڵاوی لێکردن. بە وتەی سەرچاوەکە، ڕەمەزان دەست و قاچەکانی دەلەرزین و بۆ وەستان ناچار بووە دەست بە شیشی قەفەزەکەوە بگرێت، تەنانەت لە شەرمی کچەکەی و ئامادەبووان نەیتوانیوە باسی جۆری ئەشکەنجەکان بکات، بۆیە وردەکارییەکەی لەسەر پارچە کاغەزێک نووسیوە و بە نهێنی ڕادەستی دادوەری کردووە، ئەم دیمەنەش ئامادەبووانی هۆڵەکەی خستووەتە گریان. ئەو گیراوەی لالەزار وتوویەتی، شەرم دەکەم لەبەردەم کچەکەم باس لەوە بکەم بە چ جۆرێک ئەشکەنجە دراوم، هەر بۆیە بە نووسین جۆری ئەشکەنجەکان دەنووسم، ئەو کاتەشی قسەی کردووە داوای کردووە کچەکەی ببەنە دەرەوە بۆ ئەوەی گویێ لە قسەکانی نەبێت. ٠ بۆتان مستەفا کە یەکێکی دیکەیە لە تۆمەتبارەکان، ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە ئەو جانتایانەی لە ڤیدیۆی ئاسایشدا نیشان دراون چەک و درۆن بووبن، بەڵکو وتوویەتی تەنیا کەلوپەلی دیزاین و بانگەشەی هەڵبژاردن بوون. ئەو گیراوەی لالەزار هاوشێوەی ڕەمەزان حوسێن، زانیاریی ئەو هەڕەشانەی لێیکراون لەکاتی لێکوڵینەوە و ئەشکەنجەدانی، لەسەر کاغەزێک نووسیوە بە دادوەری داوە. هەر لە دانیشتنەکەدا، کەیوان محەممەد و سەربەست مینەش ڕەتیان کردەوە ئاگاداری هیچ پلانێکی تیرۆر یان کوشتن بووبن و جەختیان کردووەتەوە تەنیا بەدوای بژێوی ژیانیاندا بوون. ئێستا دادگای سلێمانی بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و پشکنینی بەڵگەکان، تا ئێستاش ئەو بانگەشانەی تۆمەتباران سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانان بە زۆر، لەلایەن دادگاوە بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە و دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەر هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد چاوکراوە بن، چونکە ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی ئاڵۆزییەکان هەیە. رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی ئەمریکییەکانی نیشتەجێی ناوچەکە کراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ناجێگیری ماوەتەوە؛ هۆشداریشی دا کە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمان بە رووی گەشتەکاندا هەیە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کراونەتە ئامانج. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان، لەوانەش کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکان بکەنە ئامانج." سەبارەت بە کارەکانی باڵیۆزخانە، ئاماژە بەوە کراوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دەوحە بۆ کاروباری رۆتینی هاووڵاتییانی ئەمریکی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڤیزا بە شێوەیەکی سنووردار بە کراوەیی دەمێنێتەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لە رێگەی بەرنامەی (STEP) ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیاریی ئەمنی تۆماربکەن، هەروەها رێنماییان دەکات لەکاتی روودانی هەر هێرشێکی ئاسمانی یان پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکاندا لە دەرگا و پەنجەرەی شووشە و پاشماوەی تەقینەوەکان دووربکەونەوە. ئەو هۆشدارییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا. هێرشەکان کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستیانپێکرد. میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، دەنگی زیاتر لە هەشت تەقینەوە لە دەوروبەری گوندی (مسن) لە دوورگەی قشم و چەندین تەقینەوەی دیکەش لە (بەندەرعەباس) و (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان بیستراوە. میدیای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری (چابەهار) و شەش تەقینەوە لە شاری (کونارەک)ـی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بیستراوە.