جیهان

ترەمپ دەیەوێت ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بکاتە ئەمریکای نوێ

07-09-2026
ترەمپ دەیەوێت ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بکاتە ئەمریکای نوێ
قەبارەی نووسین:
A A 21px

سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز دەکات ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بگۆڕێت بۆ "ئەمریکای نوێ"، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن فەرمانڕەوای ویلایەتەکەوە پێشنیازەکەی ڕەتدەکرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا پێشنیازی کردووە ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بگۆڕێت بۆ ئەمریکای نوێ، بەڵام ئەم پێشنیازە ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتەوە ڕەتکرایەوە و بە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک وەسفی کرد.

ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە کە زۆر کەس ئەو پێشنیازەیان کردووە و پێیوایە ناوە نوێیەکە شانازی و جوانییەکی زیاتر بە خەڵکی ویلایەتەکە دەبەخشێت. هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە، کۆشکی سپی وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هێڵ بەسەر وشەی مەکسیکۆدا کێشراوە و ناوی ئەمریکا لە شوێنی دانراوە.

میشێل لوجان گریشام، فەرمانڕەوای نیو مەکسیکۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بە توندی پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوی ویلایەتەکە جێگەی گفتوگۆکردن نییە، چونکە مێژووەکەی بۆ پێش دروستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. گوتیشی: ترەمپ دەیەوێت بەم قسانە سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە گرنگەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لابدات.

ئەمە یەکەم جار نییە ترەمپ بیرۆکەی گۆڕینی ناوەکان دەخاتە ڕوو؛ پێشتر ناوی کەنداوی مەکسیکی کردبووە کەنداوی ئەمریکا و داواشی کردبوو ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بکرێتە دەریاچەی ئەمریکا، تەنانەت هەفتەی ڕابردووش بە گاڵتەوە گوتبووی گەرووی هورمز دەکرێتە گەرووی ترەمپ.