کوردستان

چاوەڕوانی کورتەنامە بکەن ئینجا بڕۆن مووچەکانتان وەربگرن

15-09-2026
چاوەڕوانی کورتەنامە بکەن ئینجا بڕۆن مووچەکانتان وەربگرن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب، پڕۆژەی هەژماری من هۆشداری دەداتە مووچەخۆران کە بەبێ هاتنی کورتەنامە سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم) نەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەست پێ دەکات. سیستەمی پێدانی مووچە بە کاش نەماوە و پرۆسەکە بەتەواوی بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژمارە بانکییەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

 

تیمی پرۆژەی هەژماری من دەڵێت، مووچەخۆران لە دوای نیوەڕۆوە سەردانی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم) بکەن، یاخود چاوەڕێی کورتەنامەی بانکەکەیان بکەن ئینجا سەردان بکەن، چونکە لە ئێستادا تیمەکانی بانک سەرقاڵی گواستنەوەی پارەن بۆ ناو ئامێرەکان.


نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون کە تاوەکوو ئێستا خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە. هەرچەندە بەغدا پارەی مووچەی مانگی ئابی بۆ ناردوون، بەڵام هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە کە مووچەی ئەم مانگەیان پێ دەدرێت یان نا.

پێشتر بڕیار وابوو ئەگەر مووچەخۆران تاوەکوو 31ـی ئاب خۆیان تۆمار نەکەن مووچەکانیان ڕابگیرێت. بۆیە ئەگەر بۆ ئەم مانگەش مووچەیان پێ بدرێت، ئەوا لە مانگەکانی داهاتوودا چیتر مووچەیان پێ نادرێت تاوەکوو پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە هەژماری من تەواو نەکەن.