کوردستان

ڕێبەر ئەحمەد: هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەسیکودادا نەماوە

11-08-2026
ڕێبەر ئەحمەد: هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەسیکودادا نەماوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا ڕێککەوتوون و هیچ گرفتێک لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا نەماوە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هەولێر و بەغدا لەسەر دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕێککەوتوون. هەروەها هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، لەسەر وردەکارییە هونەرییەکانی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکودا بۆ ڕێکخستنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنیدا نەماوە.

بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو لەمپەر و گرفتانە چارەسەر دەبن و داهاتیش زیاد دەکات. لەم ڕێگەیەوە هەردوو گرفتەکەی بازرگانانی کوردستان چارەسەر دەبێت؛ هەم دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندی پێ دەدرێت، هەم دەتوانن کاڵاکانیان بەبێ گرفت بنێرن بۆ شارەکانی دیکەی عێراق.

ئەمەش وا دەکات ڕێڕەوی بازرگانییەکانیان دووبارە بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕنەوە، کە بەمەش داهاتی نانەوتی بەرز دەبێتەوە و کێشەی 120 ملیارەکەش چارەسەر دەبێت.

 لە لایەکی دیکەوە، بەغدا چەند بازگەیەکی نایاسایی لە دیوی خۆی داناوە، کە ئەمەش ئاستەنگی بۆ جموجۆڵی بازرگانی دروست کردووە و بووەتە هۆی گرفت بۆ بازرگانان تاوەکو نەتوانن بە ئاسانی کاڵاکان هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن. لەم بارەیەوە وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی ئەو بازگانە نایاساییە و لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودادا نامێنن.