هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، هونەرمەندێکی میللییان بە ناوی مەسعود ئالانی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە؛ تاوەکو ئێستاش هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕانەگەیەنراوە.
لە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی هاونیشتمانییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە یەکێک لە کافتریایەکانی شاری شنۆ، هونەرمەند "مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا"یان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و حکومی دەستگیرکرد.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا 11 هاونیشتمانی لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، میاندواو و مەهاباد دەستگیر کراون.
دوای دەستگیرکردنی مەسعوود ئالانی، هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی دادوەر چوونەتە سەر ماڵی مەسعود ئالانی و دەستیان بەسەر مۆبایلی هاوسەر و کچەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
مەسعوود ئالانی، خەڵکی گوندی "سینگان" و دانیشتووی شاری شنۆیە. ئەو یەکێکە لە هونەرمەندە میللییە ناسراوەکانی ناوچەکە و بەهۆی وتنی گۆرانیی نیشتمانی و نەتەوەیی، پێشتریش چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ و دەستبەسەر کراوە.