سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە فەرمی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد. سۆران عومەر کە دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە لەبارەی هۆکاری دەست لەکار کێشانەکەیەوە دەڵێت:" بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئەرکی خۆی لە یاسادانان، چاودێری حکومەت و نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بەجێ ناهێنێت". کێ دەبێتە شوێنگرەوەی سۆران عومەر؟ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان 6 کورسی بەدەستهێناوە، لەدوای شەشەمین پەرلەمانتار، کاندیدان مەروان گەڵاڵی و عومەر گوڵپی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو، بەگوێرەی زانیارییەکان عومەر گوڵپی شوێنی سۆران عومەر دەگرێتەوە. عومەر گوڵپی ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانییە. وێنە: عومەر گوڵپی وێنە: دەست لەكاركێشانەوەكەی سۆران عومەر
كەشناسێكی عێراقی جەخت دەكاتەوە، كۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلێكی گەرمای بەهێز روو لە عێراق و كوەیت دەكات و لە 17 تا 20ی ئەم مانگە گەرمترین پلەكانی گەرمان لەسەر ئاستی جیهان، لەو دوو وڵاتە تۆمار دەكرێن. لە بەیاننامەیەكدا مەحمود عەبدوللـەتیف، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی و هاوكات كەشناسی پێشكەوتوو رایگەیاند، لە رۆژانی 17، 18، 19 و 20ی ئەم مانگە هەریەك لە عێراق و كوەیت دەبن بە تەنووری جیهان و بەرزترین پلەی گەرما لەو رۆژانە لەسەر ئاستی جیهان لەم دوو وڵاتە تۆمار دەكرێن. عەبدوللـەتیف ئاماژەی بەوەشدا، "پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما لە عێراق لە نێوان 48 بۆ 51 بێت"، گوتیشی: "بەرزترین پلەكانی گەرما لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی عێراق تۆمار دەكرێن".
بەپێی راگەیەندراوێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەراندا ئاماژە بە دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە 25 کیلۆگرام زێڕدا لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی سنووریدا کراوە، کە لە ناو کامیۆنێکی هەرێمی کوردستان لەکاتی گەڕانەوەی لەدیوی ئێران ویستویەتی بیهێنێتە ناو هەرێمی کوردستان. هەر لەڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "ئەمرۆ رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١٤/٧/٢٠٢٠ کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران لە چالاکییەکی بێ وێنەدا لە کاتی پشکنینی بارھەلگرێکدا، توانیان دەست بەسەر (٢١ پارچە زێڕ)ـدا بگرن، کە دەکاتە 25 كیلۆ و 400 گر ڕاگەیەنراوەكە باس لەوەشدەكات "ئەو بڕە زێڕە لە ناو چەکمەچەی بارھەلگرێکی عێراقیدا لە کاتی گەرانەوە حەشار درابوون و ھەوڵ درابوو بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاخی داخلی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام لە دوای دەست بە سەر داگرتنی پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەشی یاسایی گومرگی حاجی ئۆمەران کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و گومرگی".
پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژەیان بەوەدا یەکەمین پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە بەرگری لەشی توشبووەکە بەهێز دەکات، لە ئێستادا ئامادە دەکرێت بۆ دوایین تاقیکردنەوە. ئانتۆنی فاوچی پسپۆڕی باڵای حکومەتی ئەمەریکا بۆ نەخۆشیە گواستراوەکان رایگەیاندووە،پێکوتەکە لە سەنتەری تەندروستی نیشتیمانی پەرەی پێدراوە، (27)ی ئەم مانگە گرنگترین هەنگاوی خۆی دەنێت، (30,000) کەس توێژینەوە لەسەر ئەوە دەکەن ئایا ئەم پێکوتەیە ئەوەندە بەهێزە بتوانێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوژێت یاخود نا؟. ڕۆژی سێشەممەش ژمارەیەک توێژەر ئاماژەیان بەوەدا چاوەڕێی ئەنجامی تاقیکردنەوەی پێکوتەکە دەکەن،لەسەر (45) خۆبەخش لە مانگی ئازاردا تاقیکراوەتەوە،دەرکەوتووە بەرگری لەش بەهێز دەکات، بەرگرییەک لە لەشی کەسەکەدا دروست دەکات کە هاوشێوەی ئەو بەرگرییەیە کەسێکی توشبوو دوای چاکبوونەوە پەیدای کردووە.
وەزارەتی تەندروستی بەرازیل رایگەیاند، تەنیا لە یەک ڕۆژدا 1300 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە. وەزارەتی تەندروستی بەرازیل لە راگەیەنراوێکیدا ئاماری یەک رۆژی تووشبوون و مردنی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنیا لە یەک ڕۆژی رابردوودا 41هەزار و 857کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 1300کەسیش بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە. لە ڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا، بەڕازیل دووەم وڵاتە لە جیهان کە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا جەیر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەڕازیل ئامادەنەبوو رێکاری تەندروستی بگرێتەبەر.
سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکەم گەشتی دیبلۆماسی خۆی دەکات و سەرچاوەیەکیش دەڵێت: سەردانی سعودیە دەکات. سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەمەی داهاتوو، مستەفا کازمی سەردانی سعودیە دەکات و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە دەکات. لەو سەردانەدا کە یەکەمی وێستگەی سەردانی دەرەکی مستەفا کازمییە، دۆسیەکانی کارەبا و وزە و کاری هاوبەشی هەواڵگری تاوتوێ دەکەن.
شێخ نەهرۆ شێخ محەمەد كەسنەزانی كە دوای كۆچی دوای باوكی وەك رابەریی نوێی تەریقەتی نەقشبەندی دیاریی كرا، كاردانەوەیەكی نێوخۆیی و جیهانی لێكەوتەوە و چەندین میدیای جیهانی بەگرنگیەوە باسیان كرد هەر لەو چوار چێوەیەشدا رۆژنامەی واشنتن پۆست چەندین نهێنی گەورەی لەسەر ژیانی دركاندووە.نامەكەی شێخ بۆ جۆن بۆڵتنشێخ نەهرۆ كەسنەزانی كە دوێنێ لە شوێنی كۆچكردووی باوكی (شێخ محەمەد كەسنەزانیی) وەكو رێبەری نوێی تەریقەتی قادری بەیعەتی پێدرا، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی كە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بڵاوبوەتەوە، نامەی بۆ جۆن بۆلتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نوسیوە.لەو نامانەدا شێخ نەهرۆ داوای لە بەرپرسانی ئەمریكی كردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو كەسو لایەنانەدا بەهێز بكەن كە دەیانەوێت رژێمی ئێران بروخێنن، باسی لە بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیانو ئەمریكییەكان كردووە لە لاوازكردنی رژێمی ئاخوندی ئێرانو كۆتایهێنان بە هەژمونی. شێخ لە هۆتێلەكەی ترەمپواشنتۆن پۆست باسی لەوەكردووە، دوای چوار مانگ لە ناردنی ئەو نامانە، شێخ نەهرۆ چوەتە هۆتێلەكەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆنی پایتەخت كە ناوی هۆتێل "ئینتەرنەشناڵ"ە، ماوەی (26) شەو لە نهۆمی هەشتەمی ئەو هۆتێلە ماوەتەوە، رۆژنامەكە وای خەمڵاندووە خەرجی ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە دەیان هەزار دۆلار بوبێت.نوسەرانی راپۆرتەكە باسیان لەوەكردووە، مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەو هۆتێلە گرانبەهایانەدا كەمجار رودەدات، رۆژنامەكە لەو ماوەیەدا لیستی ئەو كەسانەی دەستكەوتووە كە سەردانی هۆتێلەكەیان كردووە، دەڵێ ماوەی مانەوەكەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەهەموو میوانەكانی تر زیاتر بووە. وشنتۆن پۆست نوسیویەتی، شێخ نەهرۆ كە تەمەنی (50) ساڵە، لە كۆشكێكدا لە ئوردن دەژی كە بە زێڕ رازێندراوەتەوەو خزمەتكاری هەیە، بە پەیامنێرەكەیانی لە عەممان راگەیاندووە:" زۆرجار لە هۆتێلی Hay-Adams دەمێنێتەوە، بەڵام بەمدواییە ناوبانگی هۆتێلە نوێییەكەی ترەمپی لە واشنتۆن بیستووەو لەو باوەڕەدا بووە كە شوێنێكی باشە بۆ مانەوە".شێخ نەهرۆ رەتیكردوەتەوە سەردانەكەی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ بەمەبەستی دروستكردنی لۆبی بێتو وتویەتی ئەو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی جونز هۆبكنز سەردانی واشنتۆنی كردووە، بەڵام رۆژنامەكە دەڵێ لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی دیداری كردووە بە ئامانجی بازرگانیو چەندین كۆمپانیا نوێی دروستكردووە.واشنتۆن پۆست وتویەتی:" هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بووە بە شوێنی كۆبونەوەی سیاسەتمەدارانی سەربە پارتی كۆمارییەكانو ئەو كەسانەی كە كاری حكومییان هەیە، بۆ خەڵكانی بیانیو ئەوانەی كە خاوەن هەژموننو دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریكا كاربكەن، بووە بە باشترین وێستگەی مانەوە، خەڵكانی دورخراوەو سەركردە سیاسییە بیانییەكان كە ناتوانن لەرێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە دەستیان بە ئیدارەی ترەمپ بگات بەمەبەستی لۆبیكردن، لە هۆتێلەكەی ترەمپ دەنیشنەوە"، لەم بوارەشدا نمونەی بە لۆبیكردنێكی سعودیە هێناوەتەوە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ئەوەش لەرێگەی بەكرێگرتنی (500) ژور لە هۆتێلەكەی ترەمپ. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات، بەر لە چەند هەفتەیەك لە گەیشتنی شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ، سەرۆك وەزیرانی دورخراوەی تایلەندو هاوسەرەكەی شەوێك ماونەتەوە، چەند هەفتەیەك دواتریش رێپۆرتەرێك كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نێچیریای لە هۆتێلەكە بینیوە كە بۆ مەبەستی لۆبیكردن هاتووە، بەڵام كەس وەكو شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لە هۆتێلەكە نەمایەوە كە رێبەری موسوڵمانە سۆفییەكانەو خۆی دەڵێت بەر لە جەنگی ئەمریكاو عێراق لە ساڵی 2003 وەكو هاواڵدەر خزمەتی بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) كردووە.ئینتیفاز قەنبەر وتەبێژو یاریدەدەری شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی كە بەبەردەوامی لە هۆتێلەكە لەگەڵ شێخ نەهرۆ بووە وتویەتی: لەناو هۆتێلەكە زۆرێك لە باڵیۆزو خەڵكانی گرنگیان بینیوە، بەڵام قسەیان لەگەڵ نەكردوونو تەنیا بینویانن".بەپێی قسەی رۆژنامە ئەمریكییەكە، توانای ترەمپ بۆ سودوەرگرتن لە خەڵكانی بیانی بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكی وڵاتە، رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، رێكخراوی ترەمپ روبەڕووی سكاڵای یاسایی بوەتەوە، ئەندامانی پارتی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس دۆسیەیەكیان بەرزكردوەتەوەو دەڵێن ئەو كارانەی كە حكومەتە بیانییەكان بۆ ترەمپی دەكەن بەندی تایبەت بە وەرگرتنی دیاریو بەخشیش پێشیڵ دەكات كە لە دەستوردا هاتووەو وەرگرتنی پارەی لە حكومەتە بیانییەكان قەدەغەكردووە.ئەو كۆمپانیایەی كە هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بەڕێوەدەبات، رەتیكردوەتەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بداتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لەبەرامبەر ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە چەندێك پارەی داوە یاخود ئایا كەس لە كۆشی سپی ئاگاداركراوە لەوەی شێخ ئەو ماوە زۆرە لە هۆتێلەكە ماوەتەوە.كۆشی سپیو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش بەهەمان شێوە رەتیانكردوەتەوە ئاگاداری سەردانەكەی شێخ نەهرۆ بن بۆ هۆتێلەكەی ترەمپو وتویانە ئاگاداری ئەوە نین هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەنێوان كارمەندەكانیانو شێخ نەهرۆدا كرابێت، بەڵام نەیانتوانیوە رەتی بكەنەوە بەشێوەی نافەرمی كۆبونەوە كرابێت. شێخو ئەجێندا سیاسییەكەیرۆژنامەكە نوسیویەتی: شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی ئەجێندایەتی سیاسی هەیەو بانگەشەی روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان ئەمریكاو ئێران دەكاتو دەڵێ دەیەوێت یارمەتی ئەمریكا بدات بۆ رزگاربوونی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندا، خۆشی وەكو كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی عێراق وێنا دەكات.بەگوێرەی راپۆرتەكەی واشنتۆن پۆست، شێخ نەهرۆ لە ئەمریكا بەمدواییانە ژمارەیەك كۆمپانیای بواری سكیوریتی تایبەتو خزمەتگوزاری بواری بیرەنەوتەكان تۆماركردووەو دەڵێ سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا بازرگانی بكات.شێخ نەهرۆ رۆژی 30 نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو چوەتە هۆتێلەكەی ترەمپ، واتە رۆژێك دوای ئەوەی براكەی كە وەزیری بازرگانی عێراق بوو تۆمەتباركرا بە گەندەڵیو بێ ئامادەبوونی خۆی حوكمی حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.رۆژنامە ئەمریكییەكە نوسیویەتی خەرجی شەوێك مانەوە لە هۆتێلەكەی ترەمپ لەنێوان (هەزار بۆ 2 هەزار) دۆلاردایە، بەڵام لە هۆتێل Hay-Adams شەوانە نرخ بە (840 بۆ هەزارو 840) دۆلارە.شێخ نەهرۆ وتویەتی لەو ماوەیەی لەواشنتۆن بووە لە دەرەوەی هۆتێلەكە چاوی بە ژمارەیەك شارەزایانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەوتووە یەكێك لەوانە عەقید (عەباس دهۆك) بووە كە بەمدواییە بووە بە راویژكاری سەربازیی لە نوسینگەی خۆرهەڵاتی دوری وەزارەتی دەرەوەو پێشتر پاشكۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە سعودیە.عەقید عەباس دهۆك وتویەتی: شێخ نەهرۆ دەیەوێت لە واشنتۆن باسی عێراق بكاتو گوزارشت حەقیقەتی دەسەڵات لەوێ بكات. شێخ لەگەڵ CIAواشنتۆن پۆست دەڵێ، شێخ نەهرۆو براكانی لەسەردەمی رژێمی سەددامدا دەستگیركراون، بۆیە بەر لە روخانی رژێم لە 2003دا پەنایان بۆ ئەمریكییەكان بردووەو یارمەتی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكایان داوە، بەردەوام چاویان بەو بەرپرسانەی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دەكەوێت كە لە بنكەیەكی بچوك لە كوردستانی عێراق كاردەكەن، لەناو تۆڕە سۆفییەكەیاندا دەیان كەسیان كردووە بە هەواڵدەر كە لەناو دەزگا سەربازیو هەواڵگرییەكانی سەددامدا كاریان كردووە، بەپێی كتێبێك كە (بۆب وودوارد) نوسیویەتی، ئەو زانیارییانەی كە دوو برا كەسنەزانییەكەو تۆڕەكەیان بە هەواڵگری ئەمریكایان داوە "زانیاری زۆر دەگمەنو سەرەنجڕاكێش" بوون، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا ژمارەی نهێنی "ROCKSTARS" بۆ داناون.بەپێی ئەوەی رۆژنامەكە لەزاری شێخ نەهرۆوە بڵاویكردوەتەوە، لەبەرامبەر ئەو كارانەی كە بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریكایان كردووە، ئەمریكا مانگانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری پێداون.بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە رۆژنامەی " The Post" بڵاویكردوەتەوە، دوای شەڕی عێراق، شێخ نەهرۆ تۆڕەكەی كردووە بە كۆمپانیایەكی ئەمنی تایبەتو كۆمپانیای پارێزگاریكردن لە دامەزراوە عێراقییەكانو گرێبەستی پاراستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو دامەزراوە نەوتییەكانی بەدەستهێناوە.شێخ نەهرۆ خۆی وەكو كاندیدێكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەخاتەڕوو باسلەوە دەكات سۆفیەكان لە سوننەو شیعە پێكدێنو ئەمە بە ئەلتەرناتیڤێكی ئاشتیانە لەبەرامبەر فراوانخوازی ئێران لەلایەكو توندڕەوی قاعیدە لەلایەكی تر ناودەبات.
موستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هۆكاری سەرەكی پەككەوتن و وەستانی پرۆژەكان بەهۆی گەندەڵی كارگێڕیی، دارایی و خراپی بەڕێوەبردنەوە بووە، هەڵەیە دەوڵەت تەنها پشت بەداهاتی نەوت ببەستێت، پێویستە كەرتەكانی تریش كارا و چالاك بكرێنەوە. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، كازمی لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری كەربەلا و كردنەوەی پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی، جەختی كردۆتەوە كە پلانێكی چاكسازییان بەدەستەوەیە بۆ برەودان بە سەرچاوەكانی دەوڵەت.ئاماژەی بەوەشداوە كاراكردنەوە و پاڵپشتیی كردن لە كەرتی تایبەت بەشدارییەكی بەرچاوی دەبێت لە رەخساندنی هەلی كار، هەربۆیە هاوبەشی لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا لەقۆناغی داهاتوودا زۆر گرنگە.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند, سبەی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پەرلەمانتاری رادەگەیەنێت و هۆکارەکانیشی ئاشكرا دەکات. لە 7ـی ئایاری 2020 بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی سۆران عومەر هەڵگیرا. لە رۆژی 15-6-2020 رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە. فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان لە وەڵامی بڕیاری رێواز فایەقدا رایگەیاند، بڕیارەکە پێچەوانەی رێسای گشتیی پلەبەندی یاسایی دەرچووە و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونابێتەوە. هەروەها رۆژی یەکشەممە 12-7-2020 سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر دەرکرد.
نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەسەر نەخۆشی کۆرۆنادا زاڵبووە و ئێستا تەندروستی باشە. نووری حەمەعەلی کە ھاوکات بەرپرسی میحوەری پردێی پێشمەرگەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی باڵکێش وتی: بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتم و ئەنجامی دوایین پشکنینم نەرێنی بووە و ئێستا لەماڵەوەم. رۆژی چواری تەمووز، پشکنینی پزیشکی بۆ نووری حەمەعەلی کرا و ئەنجامەکەی ئەرێنی دەرچووبوو.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا، ١٧٤ شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان داخران. پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "لە سنوری هەر ١٠ قائیمقامیەتەکەی پارێزگای هەولێر، لەماوەی یەک هەفتەدا، ١٧٤ شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن لێژنەکانی چاودێری و تەندروستی داخران." ئاماژە بەوەشکراوە، هاوڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە پابەندبن بە بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان و بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا (دەمامک) ببەستن، دەشڵێت، "هەر شوێن و کەس و لایەنێک پابەند نەبێت روبەڕوی ڕێکاری یاسایی و داخستن دەبێتەوە." پێشتریش، لە ١ی تەمموزدا، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان دوو هەزار و ٢٦٠ شوێن داخران.