بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، بەهۆی توندیی ئەم گەرما مێژووییەی ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە. تا ئێستا 1300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: “ئێستا ملیۆنان کەس لە ژێر بارودۆخێکی سەختی گەرمای تونددا دەژین.” ئەم دۆخە بووەتە هۆی داخستنی بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکان، دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، تەنگپێهەڵچنینی ژیانی رۆژانەی نزیکەی 191 ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین کە پلەی گەرمییان لە 35 پلە تێپەڕیوە.
چەند وڵاتێکی ئەوروپی بەرزترین پلەی گەرمییان لە مێژووی خۆیاندا تۆمارکردووە، ئەوانیش کۆماری چیک، 41.9 پلەی سەدی بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک ریکۆردی شکاند. ئەڵمانیا، 41.7 پلەی سەدی، پۆڵەندا، 40.5 پلەی سەدی بەرزترین پلە لە ماوەی سەدەیەکدا.
لە فەرەنسا، رێژەی مردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، نزیکەی هەزار حاڵەتی مردن زیاتر لە تێکڕای ئاسایی تۆمارکراوە، زۆربەی قوربانییەکان کەسانی بەتەمەنن.