حکوومەتی پاکستان “شەوی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی وردیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی چەکداران لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە خوێناوییانەی لەم دواییانەدا کرانە سەر هێزەکانی پاکستان“
وەزیری زانیاری پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “سێ ئامانج لە ویلایەتەکانی پاکتیا، پاکتیکا و کونار لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بە وردی پێکراون و لە ئەنجامدا 25 چەکدار کوژراون، هاوکات ئۆپەراسیۆنی زەمینیش لە ناوچە سنوورییەکان دژی گرووپی “جەماعەتول ئەحرار” ئەنجام دراوە کە پەیوەندییان بە تاڵیبانی پاکستانەوە هەیە”
وەزیری زانیاری روونیکردەوە، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ کوژرانی سێ ئەندامی هێزە نیمچە سەربازییەکانی پاکستان لە شاری کەراچی لە رۆژی شەممەی رابردوو، هەروەها وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی ناوچە سنوورییەکان.
لە بەرامبەردا، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، هێرشەکانی پاکستانی بە کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانەی ترسنۆکانە وەسف کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 36 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 163 کەسی دیکەش بریندار بوون.