وەزارەتی تەندروستی جۆرە شیرێکی منداڵان قەدەغە دەکات
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان داوا لە تەندروستیی هەولێر و لیژنەکانی قایمقامیەت دەکات دەست بەسەر جۆرە شیرێکی چینیی تایبەت بە منداڵاندا بگرن کە لە بازاڕەکاندا هەیە.
وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا رایدەگەیەنێت ، جۆرە شیرێکی چینی بە ناوی (ئۆپتیلاک) لە پێوەرەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرنەچووە و هیچ تایبەتمەندییەکی تەندروستیی تێدا نییە. هۆکارێکی دیکەی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عێراق هاوردەکردنی هەموو بەرهەمە شیرەمەنییەکانی چین و ئەو خۆراکانەی شیری چینییان تێدایە، بە یاسا قەدەخە کردووە.
وەزارەت داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کردووە بە زووترین کات لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە دەست بەسەر ئەو شیرەدا بگرن و بە راپۆرتێک ئەنجامی هەڵمەتەکە ئاراستەی وەزارەت بکەن.