دوای 11 مانگ فڕۆکەهەڵگری ‘یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد’ دەگەڕێتەوە ئەمریکا

دوای کۆتاییهاتنی ئەرکێکی مێژوویی و درێژخایەن کە 11 مانگی خایاند، دواجار فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” گەڕایەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە بنکەی دەریایی نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا پێشوازی لێکرا.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، پێت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەمرۆ شەممە بە شێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە گرووپی هێرشبەری فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” کردووە، دوای ئەوەی ئەرکە هەمەلایەنەکەی لە دەریادا کۆتایی پێهێنا.

ئەم فڕۆکەهەڵگرە لە حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە دەستی بە ئەرکەکانی کردووە و بۆ ماوەی 326 ڕۆژ لە دەریادا ماوەتەوە. بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، ئەمە بە درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی فڕۆکەهەڵگرێک دادەنرێت لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، هاوکات سێیەم درێژترین ماوەی مانەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکایە لە دەریادا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە.

فڕۆکەهەڵگری “جێراڵد فۆرد” لە ماوەی ئەم 11 مانگەدا بەشداری لە چەندین ئۆپەراسیۆنی ستراتیژیدا کردووە کە گرنگترینیان بریتی بوون لە، دژ بە ماددە هۆشبەرەکان و گۆڕانکاری لە ڤەنزوێلا، لە سەرەتای ئەرکەکەیدا، فڕۆکەهەڵگرەکە ڕەوانەی دەریای کاریبی کرا بۆ پەکخستنی هێڵەکانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەیشتە لووتکە، کاتێک بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە. هاوکات ئۆپەراسیۆنی ‘داستانی توڕەیی’ دژ بە ئێران: لە مانگی شووباتی ڕابردوودا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی بێپێشینەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، فڕۆکەهەڵگرەکە ڕووپەڕی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەوە. لەوێ وەک بنکەیەکی سەرەکی و ستراتیژی بۆ وەشاندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە “داستانی توڕەیی” بەشداری کرد.

شارەزایانی سەربازی پێیان وایە گەڕانەوەی ئەم فڕۆکەهەڵگرە دوای ئەم هەموو ڕووداوە گەورانە، قۆناغێکی نوێ لە جێگیربوون و داڕشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەستپێدەکات.

ھەواڵی زیاتر