هاوپەیمانییەکەی سوودانی لێکترازانی تێکەوت؛ عەقدی نیشتمانی و سومەریون کشانەوە

تەنیا 24 کاتژمێر دوای متمانەدان بە کابینەی حکومەت، هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی, ڕووبەڕووی لێکترازانێکی پێشوەختە بووەوە. هەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و سومەریون بە فەرمی کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی (بونیاتنان و گەشەپێدان) ڕاگەیاند.

کشانەوەی فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەییاز و حزبی سومەریون بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی، ڕاستەوخۆ دوای دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی هات. ئەم دوو لایەنە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بە بەرپرسیاری ئەو “ئاڵۆزی و پشێوییە” دەزانن کە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا ڕوویدا و پرۆسەکە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنی “سیاسەتی پەراوێزخستن” ناو دەبەن.

لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا، ئەم دوو لایەنە کە خاوەنی شەش کورسین لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکرایان کرد کە فراکسیۆنێکی نوێی سەربەخۆ لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکەی سوودانی پێکدەهێنن. ئامانجی ئەم بەرە نوێیە کارکردنە بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لە “پشکپشکێنە”، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیان کردووەتەوە کە وەک بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەمێننەوە.

ئەم هەنگاوەی فەییاز و ئەسەدی فشارێکی سیاسیی قورس دەخاتە سەر سوودانی و کابینەکەی زەیدی، بەتایبەت کە ناڕەزایەتییەکان پەیوەستن بە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان و بوونی “پیلانێکی پێشوەختە” بۆ دوورخستنەوەی هەندێک لە کاندیدەکان لە کاتی دەنگدانی متمانەدا.

ھەواڵی زیاتر