نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕێخوڵە لەناو گەنجاندا زیادی کردووە
شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕیخۆڵە کە پێشتر وەک نەخۆشییەکی بەساڵاچووان ناسرابوو، ئێستا بە شێوەیەکی نیگەرانکەر لەنێو گەنجاندا بڵاو دەبێتەوە و توێژەرانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی خۆراکە پرۆسێسکراوەکان هاوتای جگەرەکێشان مەترسیی گەورەن لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕێخۆڵە.
پڕۆفیسۆر دیڤی سریدار، سەرۆکی تەندروستیی گشتیی جیهانی لە زانکۆی ئەدینبۆرگ، لە وتارێکدا کە ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “شێرپەنجەی قۆڵۆن هەرچەندە هێشتا زۆربەی حاڵەتەکانی لە کەسانی سەرووی تەمەنی 70 ساڵدا دەبینرێت، بەڵام بە شێوازێکی نیگەرانکەر گەنجان بە ڕێژەیەکی زۆر تووشی بوون.”
ژمارە و ئامارەکانی تووشبوونی گەنجان
ئامارەکان ڕەوتێکی جیهانی و نیگەرانکەر پیشان دەدەن، 94,700 حاڵەت لە ساڵی 1990 لەناو گەنجاندا تۆمار کراوە و بۆ 225,736 حاڵەت لە ساڵی 2019 بەرز بووەتەوە.
لە ئەورووپادا، تەمەنی 20- 29 ساڵ، ڕێژەکان بە 7.09% لە ساڵێکدا زیادیان کردووە لەنێوان (2004- 2016) هەروەها بۆ تەمەنی 30 – 39 ساڵ زیادبوون بە ڕێژەی 4.09% لە ساڵێکدا و
بۆ تەمەنی 40- 49 ساڵ زیادبوون بە ڕێژەی 1.06% لە ساڵێکدا.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شێرپەنجەی زوو دەستپێکەر لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا، کەنەدا، بەریتانیا و ئەمریکا لە هەر 15 ساڵدا دوو هێندە دەبێت.
هۆکارەکانی پەرەسەندنی شێرپەنجەی قۆڵۆن
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، نزیکەی 75%ی حاڵەتەکان لەو کەسانەدا دەردەکەون کە هیچ پێشینەیەكی خێزانییان لە نەخۆشییەكە نییە، بەڵکوو توێژەران سەرنجیان داوەتە هۆکارە ژینگەییەکان و بەتایبەتی خۆراکە پرۆسێسکراوەکان بۆ نموونە (سجق).
توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە، خۆراکە پرۆسێسکراوەکان کە بریتین لە ژەمی خێرا و ژەمە ئامادەکراوەکان، دانەوێڵەی شەکردار، خواردنەوە گازییەکان، گۆشتی پرۆسێسکراو و خواردنە خێراکان (فاست فوود)، ئێستا زیاتر لە نیوەی خۆراکی وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا پێکدەهێنن.
بەڵگە زانستییەکان
توێژینەوەیەکی گرنگ کە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانیدا بڵاو کراوەتەوە، ئەنجامەکانی پیشانی داوە کە ئەو کەسانەی زۆرترین خۆراکی پرۆسێسکراویان خواردووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن بە 29% زیاترە، تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی خۆراک و کێش.
پڕۆفیسۆر سریدار، ئاماژە بەوەش دەکات: “وەک چۆن دەیان ساڵی خایاند بۆ ئەوەی قبووڵ بکرێت کە تووتن دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سییەکان، ڕەنگە لە دەیەی داهاتوودا خۆراکە پرۆسێس کراوەکان وەک هۆکارێکی سەرەکیی مەترسیدار بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن ببینرێن.”
لەگەڵ زیادبوونی بەڵگەکان، توێژەران ڕێنمایی سادەیان پێشکەش کردووە، لەوانەش کەمکردنەوەی خۆراکی پرۆسێسکراو و زیادکردنی خۆراکی سروشتی.
توێژینەوەیەکی ساڵی 2025 هەروەها دەریخستووە کە خواردنی بەردەوامی ماست دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن کەم بکاتەوە.
لەکاتێکدا توێژینەوەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام بەڵگەکان بەخێرایی کۆدەبنەوە کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان خۆراکی پرۆسێسکراو و زیادبوونی شێرپەنجەی قۆڵۆن لەنێو گەنجاندا.
سەرچاوە: پڕۆفیسۆر دیڤی سریدار، سەرۆکی تەندروستیی گشتیی جیهانی، زانکۆی ئەدینبۆرگ، لە ڕۆژنامەی (گاردیان) بڵاو کراوەتەوە.