عەبدولـلەتیف سەلەفی بۆ مەلا بەختیار: بەدەست تۆ بوایە نەتاندەهێشت سەلەفی لە کوردستان هەبوایە

د.عەبدولـلەتیف وەڵامی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی دەداتەوە و دەڵێت، “ئەگەر بەدەست مەلا بەختیار و هاوبیرە عەلمانیەكانی بوایە ئەوا هەر نەتاندەهێشت لەم كوردستانە سەلەفیەت بونی هەبوایە، بەڵام روناكی تیشكی خۆر بە فوی دەمی كەس ناكوژێتەوە”.

د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، “كەس سەلەفیەتی دروست نەكردوە، چونكە سەلەفیەت دینی  پەروەردگارە و درێژبونەوەیەكی ئاسایی ڕاستەقینەی ئەو ئیسلامەیە كە پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵانی لەسەر بو، دواتر شوێنكەوتەكان و زانایان جیل بەدوای جیلدا گەیاندویانە سەردەمی ئێمە، لە هەمو وڵاتانی سەر زەوی موسڵمانانی شوێنكەوتەی سەلەفیەت هەن نەك تەنها لە سلێمانی و هەولێر”.

دەشڵێت، “كەواتە ئەم قسەیە ڕاست نییە و بوهتانێكی ترە بۆ ناشرین كردنی سەلەفیەت، بەڵكو ڕاستی قسەكە ئەوەیە كە ئەگەر بەدەست مەلا بەختیار و هاو بیرە عەلمانیەكانی بوایە ئەوا هەر نەتاندەهێشت لەم كوردستانە سەلەفیەت بونی هەبوایە، بەڵام الحمدلله  روناكی تیشكی خۆر بە فوی دەمی كەس ناكوژێتەوە”.

پێشتر مەلا بەختیار رایگەیاندبو، “یەكێك لە هەڵەكانی  ئێمەو پارتی ئەوە بو سەلەفیەتمان دروستكرد”.

ھەواڵی زیاتر