سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “بە تووندترین شێوە شەهیدبوونی هاونیشتمانییان لە جندرێس سەرکۆنە دەکەین.”
ئێوارەی دووشەممە 20-03-2023 گرووپی ئەحرار شەرقییە کە سەر بە ئۆپۆزیسۆنی سووریان، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کردووە.
بەهۆی تەقەی گرووپەکەوە چوار کەسی یەک خێزان بەناوەکانی: فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ، نەزمی عوسمان 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها مەسرور بارزانی داوا لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەکات لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بکەن و رادەستی دادگەیان بکەن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە ، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان