پەیامێکی تووند لە لاهور شێخ جەنگییەوە

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

بەداخەوە ئەمرۆ هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خاتوو(پەروین کاکە ‌‌حەمە) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوين ئازاد) بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کچی فەرماندەی قارەمان و تيکۆشەر و پيشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاک(ئازادی سەگرمە)،

ئەو هێزە چەکدارە بەرۆژی رووناک و لەناوەراستی شەقامێکی گشتیدا لەشاری سلێمانیی وەک ئەوەی تاوانبارێکیان دەستگیرکردبێت بەزەبری چەک ئۆتۆمبیلەکانیان لێسەندوون.

ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کارە نایاساییەی گرووپێکی ناویەکێتیی دەکەین، نیگەرانین لەو شێوازی هەڵسوکەوتەی بەرامبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامیانداوە،

ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆک مام جەلال و ڕێبازەکەیەتی کە ئێستا کورەکانی لە دژی وەستاونەتەوە.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گرووپێک نیە کە بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە، هەریەک لە خاتوو پەروین و خاتوو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لەبەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ریزەکانی یەکێتییدا کردوویانە و بەردەوامن بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان پێیاندراوە،

ئەو گرووپە مافی ئەوەیان نیە بەو شێوازە نایاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بۆ هەر کارێکی لەوجۆرەش رێکاری یاسایی و ئیداریی و ‌‌حزبیی خۆی هەیە نەک بەو شێوازە ناشارستانییە.

لێرەدا بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە یەکێتیی موڵکی هەموو شەهیدان و پيشمەرگە قارەمان و تيکۆشەرە دێرینەکان و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتیی کە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و باوەڕی بە ماف و تواناکانی ژنان و خەباتەکەیان هەیە، دڵنیاین هەموو یەکێتییەکان ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە دەکەن و دژی ئەو هەڵسوکەوتانەن کە ئەو گرووپە بەناوی یەکێتییەوە ئەنجامی دەدەن و ناو و ناوبانگ و مێژووەکەی لەکەداردەکەن.

ئاگاداریشیان دەکەین کە ئەو جۆرە رەفتارانە ساردمان ناکاتەوە لەو هەوڵانەی خستومانەتەگەڕ لەپێناو راستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەکێتیدا هێنراوە.

داواش لەو هێزە چەکدارە دەکەین کە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشکرا کراوە چیتر نەکەونە داوی ئەو گرووپەی ناو یەکێتیی و رێگەنەدەن بەکاربهيندرێن بۆ کاری نایاسایی و دژایەتیکردنی یەکێتییەکان کە خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچیان کەمتر نەکردووە لەوانەی کە ئێستا خەریکی خۆسەپاندنن.

چونکە لەهەر رووداوێکی نەخوازراودا خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێیی دەردەچن و ئێوەش کە رۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن رووبەرووی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە.

نوسینگەی لاهور جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر