بانکی ناوەندی عێراق و بانکی فیدراڵی لەبارەی نرخی دۆلار کۆدەبنەوە

بڕیارە رۆژی 2ـى شوباتی 2023، شاندێکى بانکى ناوەندیى عێراق لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵ و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و رۆژانى 8 و 9ـى شووبات بۆ هەمان بەمەبەست سەردانى ئەمریکا بکەن. 

رۆژی 31ـى کانوونى دووەمى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و تێیدا بەرپرسەکەى بانکى ناوەندى گوتوویەتى: کۆتایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە.

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە بەشداریى کۆبوونەوەکە بوو رایگەیاند، پارێزگارى بانکى ناوەندى لە کۆبوونەوەکەدا پێى راگەیاندن کە رۆژی 2ـى شوبات لە شارى ئەستەنبووڵى تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە و باس لە کێشەى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و ئەو هەنگاوانە دەکەن کە لەوبارەیەوە دەگیرێنەبەر.

د. نەرمین مەعرووف گوتى: “پارێزگارى بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشدا کە لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینە، ئەوەیان بۆ روون دەکەنەوە کە ئەو رێوشوێنانەى گرتوویانەتەبەر لەبارەى فرۆشتنى دۆلار کاریگەریى زۆرى دروستکردووە و داوایان لێدەکەن کە ئەو هەنگاوانە بکرێنە پلەبەندى و بە چەند قۆناخێک بکرێن بۆ ئەوەى کاریگەرییەکانى زۆر نەبێت لەسەر عێراق”.

بەهۆى رێوشوێنەکانى بانکى فیدراڵیى ئەمریکا لە پرسی خستنەڕووى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە، ماوەى زیاتر لە دوو مانگە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە.

ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، پارێزگارى بانکى ناوەندى ئەوەى پێگوتوون کە دواتر لە 8 و 9ـى شوبات بۆ تاوتوێکردنى هەمان پرس سەردانى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکەن. گوتیشى: “بەرپرسانى بانکى ناوەندى جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رێوشوێنى دیکە دەگرنەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار و زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى و هاوکاریکردنى بازرگانە بچووکەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانى دۆلار بەمەبەستى بازرگانى”.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر