ئەمڕۆ سێشەممە 1/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا ، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەلجیکا و ئەوڕوپا بەگشتی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەلجیکای کرد بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغداو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور خستەڕوو .
سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و چالاکی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد گوتی هەرێم هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا .