شوێنى نمایشى ماتۆڕسكیله‌كان له‌ هوانه‌ی سلێمانی داخرا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى دوا بڕیارى ده‌ركرد له‌باره‌ى ئه‌و شوێنه‌ى ناوچه‌ى هوانه‌ى سلێمانى كه‌ ببوه‌ جێگه‌ى نمایشى ماتۆڕسكیل‌و چه‌ندین كێشه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا،

وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانیش ده‌ڵێت:”هه‌موو ئه‌و كچانه‌ى چوبونه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بانگمان كردون قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردون”.

سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، “ئه‌گه‌رچى دوێنێ وابڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ ئەو كچەی لەهوانە هێرشیكرایەسەر، ونبوەو بێسه‌روشوێنه‌، به‌ڵام هه‌واڵه‌كه‌ ڕاست نییه‌و شوێنی كچه‌كه‌ دیارەو هه‌ر دوێنێش چۆتە لای دادوەرو سكاڵای تۆماركردوە”.

وتیشى:”ئه‌و كچه‌ ته‌مه‌نى 16 ساڵه‌و خه‌ڵكى سلێمانیه‌و پێشتر به‌هۆى كێشه‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكى نه‌ده‌ژیاو له‌ماڵى باپیرى بوو، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ كچه‌كه‌ ڕاده‌ستى باوكى كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێشتر بۆ ئه‌وه‌ى ناسنامه‌كه‌ى خۆى بشارێته‌وه‌ وتویه‌تى خانه‌قینیم یان وتویه‌تى خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانم”.

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، “به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌شى كراوه‌ته‌سه‌رى جه‌سته‌ى به‌گشتى ئازارى پێگه‌یشتوه‌، به‌ڵام درزێك له‌ده‌ستى چه‌پیدا دروستبوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ تائێستا ئێمه‌ 19 تۆمه‌تبارمان ده‌ستگیركردوه‌ له‌سه‌ر ڕوداوى هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌و كچه‌”.

وته‌بێژى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى زانیاریی زیاترى ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، “سه‌رجه‌م ئه‌و كچانه‌ى پێشتر چونه‌ته‌ هوانه‌ بانگمان كردون پێمانڕاگه‌یاندون چیتر نابێت بچنه‌ ئه‌و شوێنانه‌”.

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسى ناوچه‌ى هوانه‌ش له‌سلێمانى، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د ئاشكرایكرد، “له‌ڕۆژى ڕوداوى هێرشكردنه‌سه‌ر كچه‌كه‌وه‌، به‌ته‌واوى چونى ماتۆڕسكیلمان بۆ ناوچه‌ى هوانه‌ قه‌ده‌غه‌كردوه‌و ڕێگه‌یان پێناده‌ین”.



ھەواڵی زیاتر