بانکی دیجلە و فورات کە هەشت لقی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و داوا لە خاوەن پارەکان دەکات، لە ماوەی 20 رۆژدا داوای یاسایی تۆماربکەن بۆ ئەوەی پارەکەیان نەفەوتێت. بەرپرسێکی بانکەکەش دەڵێت: بانکی دیجلە و فورات کۆتاییهاتووە و بایی ئەوەشی نەماوە کەسێکی دیکە بیکڕێتەوە.
بانکی دیجلە و فورات لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ ئەو کەسانەی پارەیان لە بانکەکەدا داناوە دەڵێت، “بەڕێزان خاوەن قەرزانی بانکی دیجلە و فورات بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی خزمەتگوزاریی دارایی ژمارە شەش و خزمەتگوزاری دارایی 2021 لە رۆژی 28-12-2021ەوە دادوەر فەرمانیداوە بە بڵاوکردنەوەی مایەپووچبوونی بانکی دیجلە و فورات بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، داوا لە خاوەن قەرزەکان دەکەین لەسەر بنەمای یەکسانی بۆ ماوەی 20 رۆژی دیکە ئەوانەی پارەیان لای بانکەکەیە داوای یاسایی تۆماربکەن.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-08-2022 بەرپرسێک لە بانکی ناوەندی عێراقی بە رووداوی راگەیاند، بانکی دیجلە و فورات، مایەپووچ بووە و گوتی، “بانکی ناوەندی چۆن رێنوینی بۆ دامەزراندن هەیە، بۆ بابەتی دیکەش رێنوێنی هەیە و بە یاسای بانکی مەرکەزی ژمارە 56 ساڵی 2004 باسی قەرەبووکردنەوە و گەڕاندنەوەی پارەی خەڵک کراوە و گەڕاندنەوەی پارە دوادەکەوێت، بەڵام نافەوتێت”.
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی یاسا، هەر بانکێک مایەپووچ ببێت، دەستبەسەر سامان و پارەیدا دەگیرێت و کۆدەکرێتەوە، دواتر پارەکە بە شێوەی قیست دەدرێتە ئەو کەسانەی پارەیان لەو بانکەدا هەبووە “پارەکە نافەوتێت، بەڵام گەڕاندنەوەی دوادەکەوێ”.
بۆچی بانکی دیجلە و فورات مایەپووچ بوو؟
چەند هۆیەک هەن کە وایانکرد بانکەکە مایەپووچ ببێت. یەکێک لەوانە بۆ کەمی سەرمایەکەی بوو، سەرەتا بانکەکە بە دەستمایەی 50 ملیار دینارەوە دامەزرا، بەڵام لە 2016 داوای لێکرا سەرمایەکەی بۆ 250 ملیار بەرزبکاتەوە، بەڕێوەبەرانی بانکەکە دەڵێن، “ئەمە داوایەکی ناڕەوایە”.
دوای ئەو داوایە، ستافی بانکەکە گۆڕدرا، دواتر ستافێکی نوێ هاتن و زانیاریی هەڵەیان داوە بە بانکی ناوەندی عێراق و گوتوویانە “بانکەکە زۆر چالاکە و وەبەرهێنانی زۆر و قازانجی زۆری کردووە”، ئەمە وایکرد بانکی ناوەندی عێراق رێژەی 15٪ی باج بخاتە سەر بانکەکە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، مەرجی زیادکردنی سەرمایە، ستافی نوێ و زیادکردنی باج لە یەک کاتدا کارەکانی بانکەکەی قورسکرد. ئەمەش وایکرد دەستەبەرى بانکى (خطاب ضمان) بێتە گۆڕێ، “ئەگەر بانکێک 100 ملیار سەرمایەی هەبێ، دەبێ 20 ملیار دەستەبەرى بانکى بکات، بەڵام ئەو لەکاتێکدا 50 ملیاری هەبووە و دەبوو 10 ملیار دەستەبەرى بانکى بکات، 87 ملیاری کردووە”، ئەمەش کێشەکەی قووڵکردەوە و بانکی ناوەندی لیژنەی لەسەریان پێکهێنا و لقی پارێزگاکانی دیکە هەموو سەرمایەکانیان گەڕاندەوە بۆ لقی سەرەکی لە بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکانی بکات.
بانکی دیجلە و فورات شەش لقی لە پارێزگاکانی عێراقدا هەیە و دوو لقیشی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانین. لە لقی سلێمانی کە 24 کارمەندی هەبوو، ئێستا تەنیا چوار کارمەندی ماون، بەڕێوەبەر و سێ کارمەند کە تەنیا کاروباری قیستەکان رایی دەکەن.
بەرپرسێکی بانکەکە گوتی، “بانکەکە کۆتاییهاتووە و ئەستەمە کەس بیکڕێتەوە”.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق، لە چوار ساڵی رابردوو، ئەمە چوارەم بانکە لە عێراقدا مایەپووچبوونی خۆی رابگەیێنێت و دەڵێت: “ئەمەش شتێکی ئاساییە و لە هەموو جیهاندا ئەو دیاردەیە هەیە”.