نێچیرڤان بارزانی: عه‌لی قازی ‏به‌ دوای ته‌بایی و ‏یه‌كڕیزیی ‏گه‌له‌كه‌ی بوو

نێچیرڤان بارزانی له‌ رێوڕه‌سمی پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی عه‌لی قازی كوڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، هه‌وڵه‌كانی خوالێخۆشبوو عه‌لی قازیی له‌ پێناو یه‌كڕیزی گه‌لی كوردی به‌رز نرخاند و گوتی، تا كۆتایی ژیانی هه‌ر به‌ دوای ته‌بایی و ‏یه‌كڕیزیی ‏گه‌له‌كه‌ی بوو.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 18ی ته‌مووز، به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی ‏سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌ت و نوێنه‌رانی ‏پارت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی قازی، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ‏هه‌ولێر، ڕێوڕه‌سمی پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی خوالێخۆشبوو عه‌لی قازی كوڕی ‏پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌ چوو.‏

نێچیرڤان بارزانی له‌و رێوڕه‌سمه‌دا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و وێڕای ده‌ربڕینی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ عه‌لی قازی تا له‌ ژیاندا مابوو، ‏‏زۆر ‏به‌ دڵسۆزی و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ داوای یه‌كڕیزی و ‏ته‌بایی گه‌له‌كه‌ی ده‌كرد. ‏هه‌رگیز له‌ خه‌می ‏گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوور نه‌ده‌كه‌وت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا تیشكی خسته‌ سه‌ر خه‌باتی بنه‌ماڵه‌ی قازی محه‌مه‌د له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد و ئاماژه‌ی دا، قازی محه‌مه‌د له‌ قۆناغێكی سه‌ختدا رابه‌رایه‌تی گه‌له‌كه‌ی كردووه‌ و له‌ پێناویدا گیانی خۆی به‌خت كردووه‌.

پێویسته‌ بگوترێ ته‌رمی عه‌لی قازی له‌ دوای ئه‌و رێوڕه‌سمه‌، به‌ره‌و كه‌لار به‌ڕێ ده‌كرێت و بڕیاره‌ له‌وێ له‌ ته‌نیشت خوشكه‌كه‌ی به‌ خاك بسپێرێت.

ده‌قی وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز ‏
ڕۆژتان باش
ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م ‏ڕێوڕه‌سمه‌ ماته‌مینه‌دا به‌شدارین، ‏تاكو به ڕێز و شكۆوه‌ ‏‏پێشوازی له‌ ‏ته‌رمی خوالێخۆشبوو عه‌لی قازی، ‏كوڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی نه‌مر ‏‏‏بكه‌ین.‏

خوالێخۆشبوو عه‌لی قازی، كوڕی ‏ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ی ‏بنه‌ماڵه‌كه‌ی، ‏له‌به‌ر ‏‏ئه‌وه‌ی یادگاری پێشه‌وا قازی ‏محه‌مه‌دی نه‌مر بوو، ‏به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی، ناچار ‏‏بووه‌ ‏به‌رگه‌ی زۆر سه‌ختی و زه‌حمه‌تی و ‏په‌نابه‌ری و دووره‌وڵاتی و ئازاره‌كانی ‏‏‏بگرێت. ‏هه‌میشه‌ له‌ خه‌می یه‌كڕیزی و ‏ته‌بایی و یه‌كێتیی گه‌له‌كه‌یدا بووه‌. ‏تا ‏دوایین ‏هه‌ناسه‌ش كه‌ له‌ ‏سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر ‏شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن بینیمان، ‏‏زۆر ‏به‌ دڵسۆزی و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ داوای یه‌كڕیزی و ‏ته‌بایی گه‌له‌كه‌ی ده‌كرد. ‏هه‌رگیز له‌ خه‌می ‏گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوورنه‌ده‌كه‌وت. ‏له‌ هه‌ر كوێ ده‌رفه‌تی ‏هه‌بووایه‌، ‏به‌ دوای ته‌بایی و ‏یه‌كڕیزیی ‏گه‌له‌كه‌ی بوو.‏‎ ‎ئه‌مه‌یشی له‌ پێشه‌وا قازیی ‏باوكییه‌وه‌ ‏بۆی مابووه‌وه‌. پێشه‌وای نه‌مریش تا دوایین ‏وه‌سیه‌تیشی هه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ ‏یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی و ته‌باییی گه‌له‌كه‌ی داوا ده‌كرد. ‏

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز
ئه‌مڕۆ كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێره‌ین، ‏بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێز له‌ پێگه‌ و خه‌بات و ‏تێكۆشانی ‏‏پێشه‌وا قازی و بنه‌ماڵه‌ ‏به‌ڕێزه‌كه‌یان و قوربانیدانیان له‌پێناو ‏گه‌ل و له‌پێناو ‏وڵاته‌كه‌یاندا ‏به‌رز بنرخێنین.‏ پێشه‌وا له‌پێناو ماف و ژیانێكی ‏شایسته‌ و باشتر بۆ ‏گه‌له‌كه‌ی، ‏له‌پێناو كۆتاییهێنان به‌ نكۆڵیكاری و ‏چه‌وسانه‌وه‌، ‏له‌ قۆناغێكی یه‌كجار ‏دژواردا ‏ڕابه‌رایه‌تیی میلله‌ته‌كه‌ی كرد، ‏دواجاریش مه‌ردانه‌ چووه‌ به‌ر په‌تی ‏سێداره‌ ‏و هه‌ر له‌و پێناوه‌دا گیانی ‏خۆی به‌خشی.

پێشه‌وا به‌و قوربانیدانه‌ی‌، بووه‌ ‏سیمبۆلێكی ‏زیندووی خۆبه‌ختكردن ‏له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا و بووه‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ریی ‏هه‌میشه‌ ‏زیندووی نه‌وه‌ی‌ دوای خۆی. ‏

ئێمه‌ كاتێ له‌ ڕێوره‌سمی ماڵئاوایی ‏له‌ كوڕ و یادگاری ئه‌و سه‌ركرده‌ ‏نه‌مره‌دا ‏وه‌ستاوین، مێژووی پر شانازیی كۆماری ‏كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی ‏هاوبه‌شیی ‏نه‌ته‌وه‌یی و ‏به‌هاناوه‌چوونی بارزانییه‌كان و ‏تێكۆشه‌رانی دیكه‌، بۆ داكۆكیكردن له‌ ‏‏كۆمار‌ و داستانی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ چه‌می ‏ئاراس دێنینه‌وه‌ یاد. ‏له‌ كاتێكدا به‌ ڕێز و ‏شكۆوه‌ له‌ ‏خه‌باتی پێشه‌وا قازی و بارزانیی نه‌مر ‏و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌ڕوانین، ‏هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌‌ و تێكۆشه‌ر و ‏خه‌باتكارانه‌مان دێته‌وه‌‌ یاد ‏كه‌ به‌ درێژاییی ‏زیاتر له‌ سه‌د ساڵ، به‌ هه‌ر ڕێگه‌ و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆیان كرابێت، خه‌باتیان ‏كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌له‌كه‌یان و بوونه‌ قوتابخانه‌ و ڕێنیشانده‌ر و ‏‏هه‌وێنی درێژه‌پێدانی تێكۆشانی نه‌وه‌ی داهاتووی دوای خۆیان. ‏

مێژووی گه‌لی كوردستان، ‏مێژووی هه‌وڵ و تێكۆشانی ‏میلله‌تێكه‌ كه‌ ویستوویه‌تی و ‏‏ده‌یه‌وێت دوور له‌ غه‌در و ‏پێشێلكردنی ماف، ‏له‌ سایه‌ی دانپێدانانی مافه‌ ‏ڕه‌واكانیدا، ‏‏به‌ ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌ت و گه‌لانی برا ‏و هاونیشتمان و ‏هاوچاره‌نووسیدا ‏بژیت. گه‌لێك، هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی كێشه‌یه‌كه‌ی سیاسییانه‌، به‌ ‏ئاشتی و لێكگه‌یشتن ‏و دوور له‌ شه‌ڕ و كاولكاری چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌. ‏

گه‌لێك، ‏ویستویه‌تی و ده‌یه‌وێت وه‌ك گه‌لێكی ‏گه‌وره‌ی ناوچه‌كه،‌ ‏پێگه‌ی ‏زه‌وتكراوی خۆی ‏وه‌ربگرێته‌وه‌ و مافه‌كانی بسه‌لمێنرێن، تا بتوانێت ببێته‌ هاوبه‌ش و ‏‏فاكته‌رێكی به‌هێزی ئاشته‌وایی و ‏سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن كه‌ ‏خزمه‌ت به‌ كۆی ‏میلله‌تانی ناوچه‌كه‌ ‏بكات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به ‌ده‌ست شه‌ڕ و ‏ناسه‌قامگیری و ‏ململانێی بێ ‏كۆتاییه‌وه، زۆری‌ چه‌شتووه‌ و زۆر ده‌رفه‌تیش له‌ ‏ده‌ست ڕۆیشتووه‌‌. ‏ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت په‌یامی گه‌لی ‏كوردستان هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یه‌ و ئه‌وه‌ ته‌نیا و ‏ته‌نیا په‌یامی ئاشتی و ‏چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و خواستی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌یه‌ ‏له‌گه‌ڵ ‏هاونیشتمانییه‌كانمان و گه‌لانی ‏برامان له‌ ناوچه‌كه‌دا. ‏
‏ ‏
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز.
میلله‌تانی زیندوو هه‌میشه‌ نرخی ‏ڕه‌نج و ماندووبوونی تێكۆشه‌رانیان ‏ده‌گرن. ‏به‌ ‏چاوی وه‌فا و ڕێز‌ له‌ قوربانیدانیان ‏ده‌ڕوانن و یاد و یادگاریان به‌ زیندوویی و به‌ ‏‏به‌رزی ڕاده‌گرن. زۆر پێویسته‌ ئه‌م كولتووره‌ له‌ناویه‌ گه‌لی ئێمه‌دا به‌ زیندوویی ‏بمێنێته‌وه‌، پێویسته‌ به‌رده‌وام نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌ی داهاتووش ڕێز له‌ خه‌بات و ‏ماندووبوونی ئه‌و سه‌ركردانه‌ بگرێت كه‌ له‌پێناو ملله‌تی خۆیاندا خه‌باتیان كردووه‌ و ‏تێكۆشاون و كۆڵیان نه‌داوه‌. ‏

كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌مڕۆ بۆ پێشوازی له‌ ‏ته‌رمی كوڕی ڕه‌ش، ئه‌و وه‌فاداری و ئه‌ركه‌ ‏پیرۆزه‌یه‌ كه‌ ‏لێمان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. ته‌رمی به‌ڕێز عه‌لی قازی تاقانه‌كه‌ی ‏‏پێشه‌وامان به‌ڕێزه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ ‏كوردستان، هه‌ر به‌ ڕێزیشه‌وه‌ له‌ باوه‌شی وڵاتدا ‏‏ده‌نێژرێت. ده‌بێ وا بێت و ئه‌مه‌ش مافی خۆی و ‏بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌ركی ‏ئێمه‌یه‌ كه‌ ڕێز له‌و بنمه‌ماڵه‌یه‌ بگرین.‏

له‌ دوای شه‌هیدبوونی پیشه‌وا قازی، ‏عه‌لی قازیی كۆچكردوو، عه‌وداڵی ‏وڵات بوو، ‏هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا زۆر ده‌ربه‌ده‌ری و ‏ماندووبوونی بۆ وڵاته‌كه‌ی بینی و له‌ ‏‏كۆتاییدا هاته‌وه‌ ناو باوه‌شی ‏وڵاته‌كه‌ی. به‌ خێر بێیته‌وه‌ و ئارام بنوێت ‏كوڕه‌كه‌ی ‏پێشه‌وامان.‏ سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ عه‌لی و دروود بۆ یادی پێشه‌وای نه‌مر و ‏‏شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان و ‏كوردستانپه‌روه‌ری قازییه‌كان و ‏سه‌رجه‌م شه‌هیدان و ‏تێكۆشه‌رانی ‏كوردستان.‏

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی دووباره‌مان له‌ ‏بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان و خزم و كه‌سوكار و ‏هه‌موو كوردستانییانی خۆشه‌ویست. ‏یادی كاكه‌ عه‌لی هه‌میشه‌ به‌ خێر و ‏ئێوه‌ش ‏هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌.‏

ھەواڵی زیاتر