بە گوێرەی راپۆرتێکی “هیومان رایتس وۆچ” کە لەسەر پێگەی ئەلیکترۆنی خۆی بڵاوی کردەوە، “هێزەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر لە 100 تیرۆریستیی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان کوشتووە و تەرمەکانیشیان لە کەناڵە ئاوییەکانی هەرێمی نەنگەرهاری رۆژهەڵات لە ئەفغانستان فڕێ داوە”.
خاتوو پاتریشیا گۆسمان، بەرێوەبەری یاریدەدەری بەشی ئاسیا لە رێکخراوەکە گوتی: “لێکۆڵینەوەمان لە کەناڵێک لە نەنگەرهار کرد کە زیاتر لە 100 تەرم لەنێوان مانگی ئابی ساڵی 2021 و نیسانی 2022 تێدا فڕێدرابوون، وادیارە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ئەوپەڕی ئازادی بەخشیوە بە هێزەکانی بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردن و کوشتنی چەکدارەکان”.
بەپێی رێکخراوەکە، هێزەکانی “تاڵیبان” لە کاتی پڕۆسەکانی گەڕان و هەڵکوتانی شەوان دەستیان کردووە بە کوشتنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە داڵدەدانی ئەندام و لایەنگرانی “داعش”.
رێکخراوەکە لە کارمەندانی سەرپەرشتی تەندروستیی نەنگەرهاری گواستەوە و رایگەیاند، لە سەرتاپای ئەو هەرێمە 118 تەرمیان دۆزیوەتەوە و تۆمار کردووە.
kurdistan CT